جیاوازیی نێوان حوکمڕانیی و تاڵانکاریی

مه‌ریوان وریا قانع
ئاشکرابوونی بەردەوامی ئەو ھەموو گەندەڵیی و دزیی و تاڵانکارییە بێوێنەیەی لە کوردستاندا لەڕێگای دەزگاکانی حوکمڕانییەوە ئەنجامئەدرێت، جارێکی تر بەرەو سەرەتای سەرەتاکانمان دەباتەوە، بەرەو ئەو جیاکارییە گرنگەی ماکیاڤیلی لەکتێبی ”شازادە"دا لەنێوان ”تاڵانکاریی" و ”ھونەری حوکمڕانیی"دا دەیکات. ئەم نووسەرە لە بەشی حەوتەمی کتێبی ”شازادە"دا جیاکارییەکی گرنگ لەنێوان ”شڕەخۆریی" و ”تاڵانکاریی"، بە ئینگلیزیی plundering، لەگەڵ ھونەریی ”حوکمڕانیدا"، governing، دەکات. ماکیاڤیلی پێیوایە تاڵانیی پێوستیی بە زانیاریی و مەعریفە و ھونەر نییە، بەڵکو پێویستیی بە تەماح و بەغیلیی و زوڵم و زۆر و ستەم ھەیە، بەڵام حوکمڕانیی ھونەرە و پێویستیی بە زیاد لە جۆرێک لە جۆرەکانی زانیاریی و مەعریفە ھەیە و بەبێ بوونی ئەوانەش حوکمڕانیی وەک ھونەرێک نە دروستدەبێت و نە دەتوانێت بمێنێتەوە. لای ماکیاڤیلی دەوڵەت خۆشی وەک دەزگای ھەرە سەرەکیی حوکمڕانیی بۆ دوو مەبەست پێویستە، یەکەمیان بریتییە لە خۆپاراستن لەو ھێز و ئەمیرانەی جەنگ کە لەڕێگای پەلاماردانی دەسەڵاتەکانی ترەوە دەژین و خۆیان بەھێزدەکەن، واتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنی دەرەکیی پێویستە. دووھەمیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەموو ئەو کەسایەتییە بەھێز و ترسناک و دڵڕەقە ناوەکییانەیە کە دەیانەوێت و دەتوانن وەک جەردە و تاڵانکەر بەرببنە گیانی ھەموو ئەوانەی لە خۆیان لاوازترن و بەو شێوازەش دزیی و تاڵانی ئەنجامبدەن کە دەیانەوێت.
.
بە کورتی گەرچی ماکیاڤیلی لەو باوڕەدایە کە کەسایەتیی سیاسیی و دەسەڵاتدار پێویست ناکات ھەمیشە لەڕووی ئەخلاقییەوە ئەو شتانە ئەنجامبدات کە بەھا ئەخلاقییەکان داوایان دەکەن، بەڵام تەواو لەو باوەڕەدایە کە مەسەلەی حوکمڕانیی تەواو جیاوازە لە مەسەلەی دزیی و تاڵانیی و جەردەیی. حوکمڕانیی ھونەرێکی تایبەتە و فێربوونی کردەیەکی ئاسان نییە، بەڵام دزیی و جەردەیی و تاڵانیی پوێسیتان تەنھا بە تەماح و بەغیلیی و زوڵم و زۆر و ستەم ھەیە. لای ماکیاڤیلی دەسەڵات لەسەر دزیی و شڕەخۆریی و تاڵانکردن بەڕێوەناچێت، بەڵکو ھەمیشە و ھەردەم ھونەری حوکمڕانیی پێویستە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم ھونەرە چییە؟ ئەو زانیارییانە کامانەن کە دەسەڵاتدار پێویستیی پێیانە؟ چ پەیوەندییەک لەنێوان حوکمڕانیی و مەعریفە و زانیارییدا ھەیە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە با ھەر لە سنووری کتێبی ”شازادە"دا بمێنینەوە و بزانین ئەو کتێبە چ وێنەیەکی حوکمڕان لە پەیوندیدا بە زانیارییەوە پێشنیاردەکات. کتێبی ”شازادە" سەر بەو جۆرە لە ئەدەبیاتیی سیاسییە کە بابەتە سەرەکییەکەی نەسیحەت و ڕێپیشاندانە بە حوکمڕانان، دەچێتە قاڵبی ئەو کتێبانەوە کە لەدونیای ئیسلامدا ناوی ”ئاوێنەی پادشا"یان لێنراوە، واتە کتێبەکە وەک ئاوێنەیەکە پادشا دەتوانێت ھەم وێنەی خۆی و ھەم وێنەی کۆمەڵگاکەی و ھەم وێنەی دەسەڵاتداریەتییەکەی تیاداببینیت. ئەم جۆرە کتێبانە بۆ خەڵک و کۆمەڵگا نەنووسراون بەڵکو بۆ پادشا و شازادەکان و ئەو کەسانەی تر نووسراون کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە.

سەردەمی ماکیاڤیلی سەردەمی زیادبوونی لەسەرخۆی ڕۆڵی مەعریفە و زانیارییە لە مەسەلەی حوکمڕانیی و لە بوارەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و دینیی و فەرھەنگیدا. ئەو سەردەمە سەردەمی ڕێنیسانس و سەرەتای کردنەوەی مەکتەب و فێرگە و زانکۆکانە. ماکیاڤیلی کتێبی ”شازادە" بەسەر کۆمەڵێک بەشدا دابەشدەکات و ھەر بەشێکیشان بەجۆرێک لە جۆرە تایبەتەکانی مەعریفەوە گرێئەدات. بەشی یەکەمی کتێبەکە باسکردنی مۆدێل و شێوازە جیاوازەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدارییە و بەشێوەیەکی گشتییش دوو سیستم لەیەکتری جیادەکاتەوە: سیستمی پاشایەتیی لە سیستمی کۆماریی. لەناو ھەر یەکێکیش لەوانەدا شێوازیی جیاوازیی تری دەسەڵاتدارێتی دەستنیشاندەکات و باس لە چۆنیەتی دروستکردن و شێوازی بەڕێوەبردنیان دەکات. ماکیاڤیلی پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دادەگرێت کە زانینی ئەم شێوازە جیاوازانەی حوکمڕانیی گرنگە، بۆئەوەی دەسەڵاتدار بزانێت چ مۆدێلێکی سیاسیی ھەیە و لەناو کام شێواز لە حوکمڕانیدا ئامادەیە. 

بەشی دوای ئەمە لەکتێبەکەدا تەرخانە بۆ مەسەلەی سەربازیی. لە دیدی ماکیاڤیلیدا دەسەڵاتدار پێویستە زانایرییەکی تەواوی لەسەر مەسەلە سەربازییەکان ھەبێت و ھێز و توانای خۆی و ھێز و توانای ناحەزەکانیی بزانێت، شارەزای ئەوەببێت ھێزە چەکدارەکان و سوپا بە شێوازێک مامەڵەبکات کە نەبنە کێشە بۆ خۆی و بۆ کۆمەڵگاکەی. دوای ئەمانە ماکیاڤیلی باس لە ”ئەخلاقی شازادەکان" دەکات و ئەو ئاکارانە پێشنیاردەکات کە پێویستە دەسەڵاتدار ھەڵگریانبێت. بەزمانی ئەمڕۆکە ئەم شێوازە لە زانیاریی زانیارییە لەسەر ئەو کۆمەڵگا و دانیشتوان و گروپ و تاکەکەسانەی دەسەڵاتدار حوکمڕانیان دەکات. ئەمەش مانای ئەوەی ئینسانناسیی و کۆمەڵناسیی دوو پێداویستیی سەرەکیی دەسەڵاتن لە دونیادا. جگە لەمانە دەسەڵات پێویستە توانای عەقڵیی و دەرونیی و ڕۆشنبیریی ئەوەی ھەبێت بتوانێت سود لەو ”نەسیحەت" و ”مەشوەرەت"انە وەربگرێت کە ڕووبەووی دەکرێنەوە و بتوانێت، لەدیدی ماکیاڤیلییەوە، بیانخاتە خزمەتی دەستەبەرکردنی ئاسایش و بەھێزکردنی سیستمە سیاسییەکە.

ھەموو ئەوانەی سەر لە مێژووی فیکری سیاسیی دەردەکەن ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانن کە سیاسەت لەگەڵ ماکیاڤیلیدا دەبێت بە ھونەرێک تێکەڵ بە شێوازە جیاوازەکانی مەعریفە، دەسەڵات خۆشی دەبێت بە یەکێک لە بەرھەمھێنەرە سەرەکییەکانی ئەو مەعریفانە. لەسەردەمی ماکیاڤیلیەوە مەسەلەی حوکمڕانیی ئەوە نییە بەھەر شێوەیک بێت بگەیتە دەسەڵات و دواتر ئەو دەسەڵاتە بە لۆژیکی تاڵانکاریی و شڕەخۆریی بەڕێوەببەیت، ھەموو خزم و کەس و کار و برا و برازا و ئامۆزا و ھاوڕێکانت لە دەزگا گرنگ و سەرەکییەکانی دەوڵەت و حوکمڕانیدا نیشتەجێبکەیت و ھێزە سەربازییەکان و ئابوریی وڵاتەکەیان بخەیتە بەردەست. ئەوانیش سڵ لەوە نەکەنەوە بە دەیان شێوازی جیاواز تاڵان و وێرانیبکەن. 

ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەیبینین ئیشکردنە بە لۆژیکی بەر لە ھاتنی ماکیاڤیلیی، ئیشکردنە بەو لۆژیکەی نووسەری مەغریبیی محەمەد عابد ئەلجابریی لە سێ شێوازدا کۆیاندەکاتەوە: لۆژیکی غەنیمە، لۆژیکی قەبیلە، لۆژیکی عەقیدە. ”لۆژیکی غەنیمە" مانای مامەڵەکردنی ئابووریی وڵات وەک غەنیمەی جەنگ و دەسکەوتێکی شەخسیی خێزانی دەسەڵاتدار خۆی، کە ھیچ یاسایەک نەتوانێت ئەو ئابورییە لەوە دەرکات کە غەنیمەیە. ”لۆژیکی قەبیلە" مانای کورتکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی خێزان و بنەماڵە و خێڵێکدا و بینینی وڵات و کۆمەڵگا و دانیشتوان وەک موڵکی شەخسی ئەو خێڵە. ”لۆژیکی عەقیدە"ش مانای پەنابردن بۆ گوتارێکی ئایدیۆلۆژیی کە بتوانێت خەڵک بە ئاگا و بێئاگا لەدەوری سیاسەتەکانی غەنیمە و قەبیلە کۆبکاتەوە.

 لە دۆخی ئەمڕۆکەی کوردستاندا ئەم لۆژیکی عەقیدەیە لە شێوەی گوتارێکی ناسیۆنالیستیی وەرزیی ڕزیودا ئامادەیە کە میدیا ئاراستەکراوەکان بە دەرەوە و ناوەوەی کوردستاندا بڵاویدەکەنەوە. ئەزموونی حوکمڕانیی لە دونیای ئێمەدا ئەزموونی زانین و زانیاریی و مەعریفە نییە، بەڵکو ئەزموونی ”غەنیمە" و ”قەبیلە" و ”عەقیدە"یەکی ڕزیوە.


15/02/2015



وتارەکانی تری نوسەر