دوو حیزب، بەڵام یەك فكر و رەفتار

نیاز عەبدولآ

-دەزگای ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بیانووی بەشداریكردنیان لە خۆپیشاندانی "ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە تۆپبارانەكانی توركیا بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان" لە ٢٣ی تەمموزەوە هەریەك لە موراد ساڵەیی و هۆگر پیرباڵ-ی لە شاری هەولێر دەستگیركردووە، دەزگای ئاسایش تائێستا هیچ روونكردنەوەیەكی لەو بارەیەوە نەداوە؛ ئەمە لە كاتێكدایە هەردوو ناوبراو بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ئامێری مۆبایلەكانیان چوون بۆ دەزگای ئاسایش، بەڵام لەو رۆژەوە بێ سەروشوێنن. ٢٢ی تەمموزیش بە هەمان بیانوو هێزە ئەمنییەكان هەریەك لە هاوڕێ كوردی، سابیر زندی و لێزان بەكر-یان دەستگیركرد و پاشان ئازادكران.

ماوەی سێ ساڵە لە شاری هەولێر بە شێوەیەكی ئاشكرا یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٠ی رێكخستنی خۆپیشاندان سڕكراوە، نە لەلای دادگاكان كاری پێدەكرێت و نە لەلایەن دامودەزگا فەرمییەكانەوە مۆڵەتی پێ دەدرێت، بەتایبەت لەو بابەتانەی پارتی دیموكرات ناڕەزایەتی خۆپیشاندەران دژ بە بەرژەوەندییەكانی دەبینێت.

-دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رۆژی ٤ی ئاب لە شاری سلێمانی بەبیانووی ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندانی "سەرتاسەری" ٦ی ئاب، لە هەڵمەتێكی دەستگیركردندا ٦ ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای نەوێ نوێ و چەندین خۆبەخشی ئەو حیزبەیان لەناو ماڵەكانیاندا دەستگیركردووە، دەستیانگرتووە بەسەر مۆبایل و كۆمپیوتەر و ئایپادی ئەو ئەندامانەی نەوی نوێ و ئەندامانی دیكەی نێو خێزانەكانیشیان. 
دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی لە سلێمانی تائێستا هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمیان نەداوە لەبارەی ئەو رەشبگیرییەی حیزبەكەیان بۆ ئەندامانی نەوێ نوێ.  

هاوشانی رەشبگیریەكەی یەكێتی لە سلێمانی و ناوچەكانی دیكە، دەزگا ئەمنییەكانی پارتی لە هەولێر و دهۆك بە هەمان مەبەستی سەركوتكاری و بەشداری نەكردنی خەڵك و چالاكوانان لە هەمان خۆپیشاندان، دوو پەیامنێری كەناڵی NRT لە دهۆك بەناوەكانی  تائیف گۆران و بڕیار نێروەیی دەستگیركردووە، هەروەها ماوەی دوو رۆژە لە رێگای تەلەفۆنەوە هەڕەشە لە چالاكوانانی مەدەنی هەولێر دەكەن و دەنگۆی دەستگیركردنی چەندین ئەندامی دیكەی ئەو حیزبە هەیە.

ئەم ترسەی پارتی و یەكێتی لە بانگەواز بۆ خۆپیشاندان لە كاتێكدایە، بەپێی بڕگەكانی ماددەی ١٣ لە یاسای ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٣ی پارتە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان، حیزبە سیاسیەكان مافیان هەیە بە رێگای ئاشتیانە ناڕەزایەتی دەرببڕن و بچنە شوێنە گشتیەكان.
-لە ٢١ی تەمموزەوە ١٠ لە زیندانیانی سیاسی بادینان و ٤٢ زیندانی لە چاكسازی گەورانی هەولێرمانگرتنی خۆیان بە مەبەستی جێبەجێكردنی "ئازادكردنی مەرجدار" دەستپێكردووە، ئەمەش دوای ئەوەهات ٥ لە زیندانیانی شێلادزێ كە دەبوو لە ١٦ی حوزەیرانەوە ئازادبكرێن بە پێی ماددەی ٣٣١ لە یاسای اصول المحاكمات الجزائیە، ئازادنەكراون بەو هۆكارەی داواكاری گشتی بووەتە بەربەست لەبەردەم رێكارە یاساییەكانی ئازادكردنیان.

ئەمە جگەلەوەی ١٣ زیندانی دیكە لە ئاسایشی گشتی هەولێر مانگرتنیان دەستپێكردووە دژ بە هێشتنەوەیان بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ساڵ لە زیندان و دادگایی نەكردنیان.

-پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتیمانی هەركاتێك لەبەرامبەر دۆسیەیەكی تیرۆر و تاوان و پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ رەخنە ئاراستەی یەكتر دەكەن، راستەوخۆ دۆسیەكانی تاوانی یەكتر هەڵدەدەنەوە، لەهەمانكاتیشدا ئەوان بە دروستی هاوبەش و پشتیوانی یەكترن لە ئەنجامدانی تاوانەكاندا بۆیە بە درێژایی زیاتر لە ٣٠ ساڵی حوكمڕانییان لە هەرێم هیچ بكوژێكی رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران سزای یاساییان وەرنەگرتووە و دادگایی نەكراون، لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەكان و دادگاكان بۆ سەركوتكاری رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران بەكاردەهێنن.

یەكێتی نیشتیمانی هەمیشە بانگەشەی "رێزگرتن لە ئازادی رادەربڕین" و جیاوازی لە پارتی دیموكرات دەكات، بەڵام هەمان ئامرازەكانی سەركوتكاری پارتی بەكاردەهێنێت كە خۆی رەخنەی لێدەگرت لە دۆسیەی زیندانیانی سیاسی بادینان و رەشبگیرییەكانی هەولێر.
پارتی دیموكرات شانازی بە "ئارام"ی هەولێر دەكات و سلێمانی وەك شارێكی شێواو نمایش دەكات، لە هەمان كاتدا خۆی هەولێر و دهۆكی كردووە بە زیندانێكی گەورە و سەرجەم میكانیزمەكانی سەركوتكاری یەكێتی پەرەپێدەدات.

بۆیە تەنیا رێگایەكی دروست لەبەردەم پارتی و یەكێتی دا هەبێت، ئازادكردنی دەست بەجێی سەرجەم دەستگیركراوان و زیندانیانی سیاسی هەولێر و سلێمانی و دهۆكە، درێژەدان بە هەر رەفتارێكی پێچەوانەی بنەماكانی دیموكراسی، دەیانخاتە زبڵدانی مێژوەوە.


06/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر