تۆفانەکەی ئەقسا لە تاران خۆشدەکاتەوە

عارف قوربانی
ئەو هێرشە چاوەڕواننەکراوەى بزووتنەوەى حەماس لە بەرەبەیانى حەوتى تشرینى یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل، لە زۆر لایەنەوە مایەى هەڵوەستە لەسەرکردن و لەسەر وەستانە. رووداوێکە وەک شۆکێک لە مێژووى شەڕوپێکدادانى نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان دەچێتە مێژووەوە، چونکە بە درێژایى سێ چارەکە سەدەى رابردووى نێوان دروستکردنى دەوڵەتى ئیسرائیل بۆ ئەمڕۆ، ئیسرائیل رووداوى لەو شێوەیەى بەخۆیەوە نەبینیوە. 
 
یەکەم جارە ئیسرائیل بکەوێتە بەر هەڵمەتێکى چڕى پەلامارى زەمینى و ئاسمانییەوە کە لە ماوەى کەمتر لە نیو کاژێردا پێنج هەزار مووشەک ئاراستەى بارەگا و بنکە سەربازى و کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانى بکرێت. لە یەک رۆژدا ژمارەى کوژراوەکانى بگاتە نزیکەی 300 کەس و هەزاران بریندار و دەیان سەرباز و ئەفسەرى بکەونە دەست چەکدارە فەلەستینییەکانەوە.
 
توانا و تاکتیکى سەربازیى حەماس لەم هێرشە لەناکاو و چاوەڕواننەکراوەیدا بۆ سەر ئیسرائیل، مایەى تێڕامانە. لە رابردوودا نە هێزە فەلەستینییەکان و نە ئەو دەوڵەتە عەرەبییانەش کە شەڕیان دژى ئیسرائیل کردووە، نەیانتوانیوە گورزى لەو شێوەیە لە ئیسرائیل بدەن. ئەم توانا و تاکتیک و گەشەکردنە خێرایەى حەماس چەند جێى سەرسوڕمانە، لە بەرانبەردا سستى و لاوازیی زانیاری و تواناى بەرگریى زەمینى و ئاسمانى ئیسرائیلیش، هەر جێى پرسیارە.     
 
لە سەردەم و هەلومەرجێکى وەک ئێستاى پێشکەوتنى ئامرازەکانى زانیاری و تەکنەلۆژیاى سەربازی و هەواڵگری، قورسە باوەڕ بەوە بهێندرێت ئیسرائیل لە نزیکترین دەروازەى جەستەى خۆیەوە بەو ئەندازەیە بێئاگابووە لە خۆپڕچەککردن و مەشق و راهێنانەکانى بزووتنەوەى حەماس کە توانایان گەیشتبێتە ئەو ئاستەى لە ماوەى چەند خولەکێکدا پێنج هەزار مووشەک ئاراستەى نێوجەرگەى ئیسرائیل بکەن. 
 
نەک دەزگاى هەواڵگریی دەوڵەتێکى وەک ئیسرائیل، ئێستا هاووڵاتییەکى ئاسایى دەتوانێت لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە لەسەر شاشەى مۆبایلەکەى چاودێریی ماڵ، یان دووکانەکەى بکات. چى لۆژیکێک ئەوە دەسەلمێنێت ئیسرائیل کە خاوەنى مانگى دەستکردى تایبەت بەخۆیەتى بۆ چاودێری، خاوەن بەهێزترین دەزگەی هەواڵگیرییە کە رۆڵ و کاریگەرییان لەسەر تەواوى وڵاتانى جیهان هەیە، ئەمریکا و ناوەندە هەواڵگرییەکانى نیوەى وڵاتانى جیهانیش لەگەڵ ئیسرائیل زانیاریی هەواڵگری دەگۆڕنەوە، بێئاگابووە لەوەى بزووتنەوەى حەماس بە هەزاران مووشەک و کاتیۆشاى دوورمەوداى دەستخستووە و خەریکى مەشق و راهێنان و خۆئامادەکردنە بۆ لێدان لە ئیسرائیل. 
 
چەند قورسە باوەڕ بەوە بهێندرێت ئیسرائیل هیچ زانیاری و ئاگاییەکى پێشوەختەى نەبووبێت، لەوەش قورستر ئەوەیە بگوترێت ئیسرائیل چاوپۆشیکردووە لەوەى حەماس ئەو دەستپێشخەرییە بکات لە وەشاندنى گورزێکى لەو شێوەیە و ئیسرائیل پێویستى بە رەخساندنى زەمینەى شەڕێک هەبووبێت کە لە داهاتوودا ئەنجامەکانى دەرکەون، رەنگە بۆ هەندێ وڵات ئەوە تا رادەیەک چاوەڕوانکراوبێت وەک ئەوەى تائێستاش کەسانێکى زۆر لە رووداوى 11ـى سێپتێمبەر بە گومانن و پێیان وابوو ئەمریکا کارى بە ئەنجامەکەى هەبوو، بەڵام بۆ گەل و دەسەڵاتێکى دامەزراوەى وەک دەوڵەتى ئیسرائیل ئێجگار قورسە، هیچ سەرکردە و سیاسییەک بتوانێت مساوەمەى لەو جۆرە بە گەلى ئیسرائیلەوە بکات، مەگەر لەپێناو ئامانجێکدا بێت کە بەلاى ئیسرائیلەوە زۆر چارەنووسسازبێت. 
 
ئەوەى روویدا ئەگەر داوى ئیسرائیل خۆى بووبێت بۆ حەماس و ئەوانەى خەریکى پڕچەککردنى حەماسن، یان بە حەقیقەت ئیسرائیل بەو ئەندازەیە بێئاگابووبێت لەوەى چى لە دەوروپشتى دەگوزەرێت، ئەنجامەکەى یەک شتە. ئەویش ئەوەیە کاردانەوەى ئیسرائیل تەنیا بەوەوە ناوەستێت پەلامارى بزووتنەوەى حەماس بدات لە کەرتى غەززە، ئەو گەردەلوولە دەبات لە شوێنێکى دیکە دەینیشێنێتەوە. 
 
ئەگەر ئیسرائیل چاوپۆشیکردبێت لەوەى ئەو دەستپێشخەرییە بکرێت لەلایەن حەماسەوە بۆ دەستپێکردنى وەک ناوى ناوە گەردەلولى ئەقسا، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل ئەمەى تەنیا بۆ ئەوە نییە وەک پەرچەکردار و وەڵامدانەوە پەلامارى حەماس بدات، چونکە بۆ پەلاماردانى حەماس پێویستى بە دروستکردنى سیناریۆ نییە. نە گەلى ئیسرائیل و تەنانەت هێزە نەیار و ئۆپۆزیسیۆنەکانى ئیسرائیلیش ناڕازى نەبوون و نین لەوەى ئیسرائیل چەند گوشارى زیاتر بخاتە سەر فەلەستینییەکان بەگشتى و حەماسیش بەتایبەت. کەواتە ئەگەر سیناریۆ بێت، بۆ ئێرانە، چونکە ئەمڕۆ جگە لە ئێران هیچ دەوڵەتێک پشتگیرى لە بزووتنەوە چەکدارییەکانى فەلەستین ناکات. 
 
ئەگەر سیناریۆ نەبێت و بزووتنەوەى حەماس توانا و تاکتیک و سەرچاوەى هێزیان گەیشتبێتە ئەو ئاستەى بتوانن لە رۆژێکدا گورزى لەو جۆرە لە ئیسرائیل بدەن. بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل لە سەرچاوەکانى پشتیوانیکردن و پڕچەککردنى حەماس دەدات کە ئەویش ئێرانە، چونکە ئیسرائیل و هەموو دنیا دەزانن سەرچاوەى ئەو مووشەک و چەک و کەرەستە جەنگییانەى حەماس دەتوانێت بەهۆیانەوە رووبەڕووى ئیسرائیل ببێتەوە، لە ئێرانەوەیە. تەنانەت ئەگەر لەنێو کەرتى غەززەش دروستبکرێن و بەرهەم بهێندرێت، پسپۆڕ و شارەزای ئێرانى بەرهەمى دەهێنێت. خەسڵەتى ئیسرائیلیش وەک ئێران وایە، هەمیشە دەیەوێ کێشە و قەیرانەکان لە نێوخۆى خۆى دووربخاتەوە. بۆیە ئەگەرێکى کراوە و چاوەڕوانکراوە کە کاردانەوە و وەڵامى ئیسرائیل تەنیا لە کەرتى غەززە و بە حەماسەوە ناوەستێت، تاران دەبێتە ئامانجى ئیسرائیل. 
 
ئەمە جیا لەوەى ئەمریکا و ئیسرائیلیش لەسەر ئەوە هاوڕان کە نابێت رێگەبدرێت ئێران ببێتە خاوەن چەکى ئەتۆمى. ئاژانسى وزەى ئەتۆمى نێودەوڵەتى و زۆر ناوەندى گرنگى زانیارى و هەواڵگریش ئەوە دەسەلمێنن کە ئێران گەیشتووەتە نزیک قۆناخەکانى کۆتایى دەستڕاگەیشتنى بە چەکى ئەتۆمى. بۆیە لەم سۆنگەیەشەوە بە دوور نازانرێت ئەم رووداوانەى ئێستاى ئیسرائیل، دەستپێکێک بن بۆ لێدان لە وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێران. 
 
نووکتەیەکى باو هەیە دەڵێن کابرایەک دوو کچى هەبوو، یەکێک لە زاواکانى لە گەرمیان بوو ئەوى دیکەیان لە کوێستان. چوو بووە دیدەنى کچەکانى. زاواکەى کوێستانى داد و بێدادى بوو لەوەى ئەگەر باران ببارێت بەهۆى سەرماو سۆڵەوە زیانى زۆر بە بەروبووم و مەڕوماڵاتەکەى دەگات. زاوا گەرمیانییەکەیشى داد و بێدادى بوو لەوەى ئەگەر باران نەبارێت، مەڕوماڵات و بەروبوومى کشتوکاڵى تیادەچێت. کابرا گوتبووى، باران ببارێت یان نەبارێت، یەکێک لە زاواکانم فت. دەبێت چاوەڕوانى ئەوە بین لەم رووداوەى ئیسرائیلیش، تارانم فت. 

08/10/2023



وتارەکانی تری نوسەر