بێسەرکردنى سوننە

عارف قوربانی
ئەگەر کێشە و ناکۆکى نێوان سوننە و شیعە لە تەواوى وڵاتانى جیهانى ئیسلامى لە جیاوازى تێڕوانین و دونیابینی ئایینییەوە سەرى کێشابێت بۆ کۆمەڵێک رەهەندى کولتوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و تەنانەت ئابووریش، بەڵام لە عێراقدا سەربارى ئەو رەهەندانە، رەگ و ریشەى قووڵتر و جیاوازترى هەیە. تێکەڵ بووە بە دوژمنایەتى لەمێژینەى نێوان فارس و عەرەب و پرسی ئاسایش و جیۆپۆلەتیکى ئێران و عێراق.
 
هەر بۆیە لە مێژووى سەت ساڵەى دروستبوونى دەوڵەتى عێراقەوە بۆ ئێستا، ناکۆکییەکانى نێوان ئەم دوو مەزهەبە ئایینییە، شێوازێکى جیاوازترى هەبووە لە ململانێى نێوان سوننە و شیعە لە وڵاتانى دیکەى ئیسلامى. لە هەریەک لەو وڵاتانەى جیهانى ئیسلامى کە پێکهاتەى دانیشتووانەکانیان لە هەردوو مەزهەبەکەى سوننە و شیعە پێکهاتبێت، ئەگەر هەر کامیان دەسەڵاتدار بووبن، هەوڵى پەراوێزخستنى مەزهەبەکەى دیکەیان داوە. بەڵام لە عێراق لە پەراوێزخستنەوە پەرەى سەندووە بۆ پەرتەوازەکردن و پرۆسەى سڕینەوە.
 
لە دروستکردنى دەوڵەتى مەلەکى عێراقەوە تا رووخانى سەدام، ماوەى ئەو 83 ساڵە جڵەوى حکومڕانى بەدەستى کەمینەى سوننەووە بووە، هیچ رێگایەک نەماوە نەیانگرتبێتەبەر بۆ سڕینەوەى شیعە. لە پەرتەوازەکردن و لەسێدارەدان و تیرۆرى پیاوانى ئایینى و کەسایەتییە سیاسییەکان و کوشتنى بەکۆمەڵى گەنجان و هەوڵدان بۆ گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچە شیعەنشینەکان. 
 
لەدواى رووخانى سەدامیشەوە بۆ ئێستا، ماوەى 20 ساڵە دەسەڵات و جڵەوى حکومڕانى عێراق بەدەستى هەرە تووندڕەوترین تائیفییەکانى شیعەوەیە. لە ماوەى ئەم 20 ساڵەدا، شیعە زۆر لەوەى زیاتر کە بەسەریان هاتبوو تۆڵەى ئەو 83 ساڵەى حکومى سوننەکانیان کردووەتەوە. 
 
نەک هەر ئەفسەر و فڕۆکەوان و پلەدارە سوننەکانى ناو دەزگا ئیداریى و ئەمنى و هەواڵگرییەکان، بەڵکو بە هەزاران مامۆستاى زانکۆ و ئەندازیار و پزیشک و کەسانى نوخبەى سیاسى و چالاکوانى سوننەیان تیرۆر کردووە. هەر بەوەشەوە نەوەستان لە هێنان و راوەدوونانى داعشدا هەموو جوگرافیاى سوننەیان لەگەڵ زەویدا تەخت کرد، دیموگرافیاى سوننەیان گۆڕیى و پرۆسەى تەشەیوعیان بردووەتە ناو قووڵایى سوننەوە. رەمز و کەسایەتییە سیاسییەکانیان شکاندن و بە بیانووى تیرۆرەوە بە دەیان هەزار گەنجى سوننەیان کوشت و هەزارانیان بێسەروشوێن کرد و سەتان هەزاریان لێ ئاوارە و دەربەدەر کردن. 
 
بەشێک لەو تاوانکارییانەى بەرامبەر بە سوننە پەیڕەوکراون و بەردەوامییان هەیە، جۆرێکە لە تۆڵەکردنەوەى فارس بەرامبەر بە عەرەب، بەشێکی تۆڵەى شەڕى هەشت ساڵەى ئێرانە لە عێراق. پاش ئەوە گەڕانە بەدواى دەستەبەرکردنى دڵنیایى بۆ دەسەڵاتى شیعى بەسەر عێراقدا. 
 
ئەگەر سوننە بە ماوەى 83 ساڵ پرۆسەى لێدان لە شیعەى لە پەراوێزخستنەوە گەیاندبێتە پەرتەوازەکردن. شیعە لە ماوەى کەمتر لە دوو دەیەدا قۆناخى پەرتەوازەکردنى تێپەڕاند و کەمتر لە دوو دەیەى دیکەى پێویستە بۆ نکوڵیکردن.
 
ئەوەى ئێستا دەسەڵاتدارانى شیعە لە بێسەرکردنى سوننەدا پەیڕەوى دەکەن، بۆ ئامانجى گەیشتنە بە قۆناخى نکوڵیکردن. پێویستیان بەوەیە کەس نەبێت سەرکردایەتى سوننە بکات، کەس نەبێت کۆیان بکاتەوە و ئاڕاستەیان بکات، تا لە پەراوێزى ئەو پەرتەوازەییەدا لەنێو شیعەدا بیانتوێننەوە. لە تارق هاشمی و رافع عیساوی و لێدان لە بنەماڵەى نجێفییەوە تا دوورخستنەوەى حەلبووسى، هەرچەندە بۆ هەر یەکەیان جۆرێک لە تۆمەتى جیاواز و شێوازێکى جیاواز لە دوورخستنەوەیان پەیڕەوکراوە، بەڵام هەموویان ئەڵقەى پێکەوەگرێدراوى یەک پڕۆسەن، ئەویش ئەوەیە کە نابێت سوننە سەریان هەبێت.
 
 ئەوەى لە پرسى بێسەرکردنى سوننە و پرۆسەى سڕینەوەى سوننەدا پەیوەستە بە کوردەوە، بە حکومى جوگرافیا مەحکومبوونى کوردە بە هەمان چارەنووسى سوننە لە عێراقى شیعیدا. بەڵام ئەوەى وایکردووە پرۆسەى پەرتەوازەکردنى کورد بە بەراورد بە پەرتەوازەکردنى سوننە دوابکەوێت، لەبەر پێگەو بوونى سوننە بووە وەک لەمپەرى یەکەم لەبەردەم ستراتیجى شیعە لە ناوچەکە. پاش گەیشتنە ئامانج لە جوگرافیاى سوننە، بێ هیچ دوودڵییەک هەمان ئەو سیاسەتانە بەرانبەر بە کوردیش دەگرنەبەر. 
 
لە ئێستادا کە هێشتا سوننەکان نوزەیەکیان تێدا ماوە، پێویستە کورد بە کەڵک وەرگرتن لە جەمسەرەکانى دیکەى هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، بەدەستگرتن بە پشتى سوننەوە، سەنگەرى پێش خۆى بەهێز بکات. دەبێت کورد یارمەتیدەر بێت لەوەى سوننەکان بکەونەوە سەرپێى خۆیان و بەر بە هەژموونى تائیفیگەراى شیعى بگرن.
 
بەخشینەوەى گیانى بەرەنگارى بە سوننە، وادەکات پرۆسەى پەرتەوازەکردنى کورد دوابکەوێت. هەر دواخستنێکی ئەو مەترسییەش بە قازانجى کورد تەواو دەبێت. چونکە لە دیمەنە گەورەکەى هاوکێشە نێوودەوڵەتى و هەرێمایەتییەکەدا داهاتوویەکى باش لەبەردەم هەژموونى شیعەگەرادا نییە، ئەگەرى بچووککردنەوەى هێز و جەمسەرە گەورەکانى ناوچەکە ئەگەرێکى چاوەڕوانکراوە. لە بەرژەوەندى زلهێز و خاوەن بڕیارەکاندا نییە هیچ کام لە تەرەفەکانى ناکۆک لە ناوچەکە هەژموونێکى بەهێزیان هەبێت. بۆ ئەوەى کات یارمەتیدەر بێت لە پاراستنى کورد تا ئەوکاتەى (خاوەن تەڵەکان) دەگەڕێنەوە. دەبێت کورد وابکات ململانێکە لەنێوان سوننە و شیعە بەردەوام بێت و شەڕەکە راستەوخۆ یەخەى کورد نەگرێت. ئەمەش لە دۆخێکى وەک ئێستادا بەوە بەدى دێت، کورد نەهێڵێت سوننە لەوە زەلیلتر بێت لەبەردەم شیعەدا.

25/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر