یەکێتی، حزبی بێ سەرۆک

رێبوار كەریم وەلی


ساڵێک بەسەر کودتای سپیی هەشتی تەمموز تێپەڕی. لەو ماوەیەدا، لە رێگەی چەند بڕیار و گەعدە(دیدار)ی یەکێتی، هاوسەرۆکی یەکێتی و چەند کەسێک لە سەرکردایەتی دورخرانەوە و، کوڕانی تاڵەبانی دەستیان بەسەر یەکێتیدا گرت.
*
ئەم ئاڵوگۆڕە ناسروشتی و دور لە پرەنسیپی حیزبیە یەکێتیی بردە بەردەم دادگای بەغدا و چاوەڕێ دەکرێ لە کۆتایی ئەم مانگەدا، دادگا لەبارەی یەکێتییەوە بڕیار بدات. بڕیاری دادگا هەرچییەک و هەرچۆنێک بێت، لەو چەند حاڵەتە بەدەر نییە کە کوڕانی تاڵەبانی بە هەموو پێوەرێکی بنەماڵەیی، حزبەکە بە موڵکی خۆیان دەزانن و نایانەوێ کەس شەریکیان بێت.
*
لە حاڵەتێکدا کە دادگا لە قازانجی کوڕانی تاڵەبانی حوکم بدات، ئەوە ئیتر کۆتایی خەونی مانەوەی لاهور شێخ جەنگییە لە چوارچێوەی یەکێتیدا. بە پێچەوانەوە ئەگەر دادگا حوکمەکەی ئەوە بێت کە ئاڵوگۆڕەکان لەگەڵ پرەنسیپ و یاسای ئەحزابدا ناکۆکە و هەق بەلای لاهوردایە، ئەگەر زەمینەخۆشکەر نەبێ بۆ گەڕانەوەی لاهور بۆ هەرەمی دەسەڵاتی ناو یەکێتی، لانیکەمی ئەوە ئیسپات دەکات کە هاوسەرۆک مافی دەرکردنی هاوسەرۆکی نییە کە بەدەنگی کۆنگرە هەڵبژێردراوە.
*
بەڵام بەوەش کۆتایی نایەت؛ یەکێتی لەقەیرانی شەرعییەت و بڕیاردایە. جاران کە دوو هاوسەرۆکیش هەبوون، بە هەردووکیان ئینجاش نەدەبوون بە سەرۆکی یەکێتی، بگرە هەردووکیان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بوون. ئینجا لە سەرووی ئەو ئەنجومەنەشەوە، ئەنجومەنێکی نۆ کەسی و سەرۆکێک هەیە کە بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و بڕیارە چارەنووسسازەکان، لە هەموو ئەوانە گرنگتر دەرکردنی هاوسەرۆکێک بە فلتەری ئەواندا تێنەپەڕیوە!
*
ئەنجومەنی باڵا و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە بڕیارێکی شەخسی، هیچ رۆڵێکیان لە بڕیاردا نەماوە و کەسیش نازانێ ئەنجومەنی باڵا و سەرۆکەکەی، بڕیار دەدەن یان کێ سەرۆکی کێیە؟ بەپێی کۆنگرە بێت، هاوسەرۆکەکان دەکەونە ژێر حوکم و بڕیاری ئەنجومەنی باڵاوە، بەڵام ئێستا مەکتەبی خێزانی(سیاسی)ی یەکێتی و بەناو سەرۆکی یەکێتی تەجاوەزی هەموو سنورەکانیان کردووە.
*
بڕیاری دادگا لەبارەی یەکێتییەوە، دەبێ بۆ یەکێتییەکان گرنگ بێت. درێژەکێشانی ئەو پاشاگەردانییەی ئێستا، ئەگەر بەشێکی یەکێتیی سوتاندبێت لە داهاتوودا داوێنی ئەوانیش دەگرێ؛ دەرکەوت لە ماوەی یەکساڵدا، بەو هەموو دەسەڵات و چاوپۆشییەی کە لە کوڕانی تاڵەبانی کرا، نەیانتوانی جگە لە گۆڕینی تایتڵی خۆیان هیچی دیکە بکەن و، یەکێتیی نوێ زۆر بێ ئیرادەتر و لاوازترە لە جاران.

13/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر