تێنگەیشتن لە چەمكی شۆڕش!!!

د. کامەران مەنتک
تێنەگەیشتن لە چەمكی مێژوو
تێنگەیشتن لە چەمكی شۆڕش!!!
خوێندنەوەیەكی تر بۆ چەمكی شۆڕش
بەشی دووەم

تێگەیشتن لەمێژوو ئێجگار گرنگە بۆ تیگەیشتن لەچەمكێكی فریودەرو قیزەونی وەك شۆڕش، لە راستیدا لەگەورەترین داهێنانەكانی مۆدێرنیتەو شۆڕشی پیشەسازی فریودانی چەمكی شۆڕش بووە، زۆربەی ئەوانەی لەمێژوودا بەشۆڕش ناسراون ولەكتێبی قوتابخانەكان دەخوێنرێن، بەپیرۆز سەیردەكرێن وبەشان باڵیان هەڵدەدرێت، بەداخەوە تاوانی گەورەو پر شەرمەزاری مرۆڤایەتین! لەپەنای هاندان وفریودانی خەڵك بەناوی شۆڕش وگۆڕانكاری، توێژێكی كەمی سەرمایەدار بەری رەنجی ملیۆنان مرۆڤیان هەڵلوشیوە، ئێمە هەموومان رۆژێك لەرۆژان بەشان وباڵی شۆڕشی فەرەنسیمان هەلداوە، وەك ئەوەی لەكتێبەكان نووسراوە خویندوومانەتەوە وتییگەیشتووین، بە بێئەوەی هەست بكەین لەرێگای ئەو كتێبانەوە ئاڕاستە وبەكۆیلە كراوین! ئێمە شۆڕشی وەك ئەو دەقانەی لەكتێبەكان خوێندوومانەتەوە لەو شۆڕشە تێگەیشتووین، كەچی لەبنەڕەتدا شۆڕشی فەرەنسی بەرامبەر بەو دروشمە ئەندێشەییانەی بەرزی كردەوە، سەدان هەزاری مرۆڤی لەناو بردوو تیرۆری كرد، تەنانەت قۆناغێك لەقۆناغەكانی ئەو شۆڕشە بەقۆناغی تیرۆر ناسراوە! یەكەم تیرۆریش بە كوشتن ولەناوبردنی بنەماڵەی پاشای فەرەنسا دەستی پێكردو دواتر سەركردەكانی ئەو بەناو شۆڕشە كەوتنە وێزەی یەكترو لەپێناو دەسەڵاتدا ملی یەكتریان دەپەڕاند، ناپیلۆن، كە بەرهەمی شۆڕشی فەرەنسی بوو، لەرێگای ژنەكەیەوە (یوجین بوهارییه) گەیشتە لوتكەی دەسەڵات وبۆ بەگەڕ خستنی كارگەی چەكی سەرمایەدارەكان زۆرترین شەڕی كرد وزۆرترین مرۆڤی بەكوشتن دا، بە گەرمكردنی ئەو شەڕانەش خێزانێكی سەرمایەداری جولەكەی وەك (رۆچڵد) نزیكەی 100 ملوێن فرەنكی فەرەنسیان وەك قەرز خستە بەردەست، ئەو هەموو تاوانە بەرامبەر ئەو دروشمە ئەندێشەییان بەرزیان كردەوە، (برایەتی ، یەكسانی، دادپەروەری)، كە تا ئێستاش وەكو دروشم ماوەتەوە وتوانای جێبەجێكردنی نیە! 

ئێمە هەمیشە بەشان وباڵی شۆڕشی ئۆكتۆبەرو لینین هەلدەدەین، تەنانەت هەندیك كەس وەك رێگانامەیەك سەیری دەكات وكوێرانە قسەی لەسەر دەكات، لەكاتیكدا خودی لینین جگە لەسیخوڕێكی ئەلمانی زیاتر نەبوو و بەشەمەندەفەری ئەلمانی گەڕایەوە روسیا، هەموو ئامانجەكەش ئەوەبوو، روسیای تەزاری لەجەنگی جیهانی بێتە دەرەوە وبەرەی هاوپەیمانان جێبهێڵێت، دواتر ئەو سوپایەی روسیا، كە لەخوارووی قەوقاز  تا كەنداوی فارس جێگیر ببوو لەژێر سەركردایەتی ژەنڕاڵ باراتۆڤ بوو، پەلاماری هیندستان بدات وبەم شێوەیە گەوهەری تاجی بەریتانیا تیبكشێنن! بەڵام بەهۆی ئەوەی باراتۆڤ پشتی بەناو شۆڕشگێرەكانی نەگرت ووەك لایەنگرێكی سەرسەختی تەزار مایەوە، ئەو سوپایە هەڵوەشایەوە وئەو ئامانجە نەهاتە دی!.

ستالین بۆئەوەی ولاتەكەی لەوڵاتیكی كشتوكاڵیەوە بگۆڕێتە وڵاتێكی پیشەسازی، نزیكەی 10 ملیۆن مرۆڤی كردە قوربانی، ئەو ژمارەیە زۆر نزیكە لەژمارەی ئەو قوربانیانەی، كە  لە سەدەی هەژدەو نۆزدەهەمدا لە ئەفریقاوە لەلایەن سەرمایەدارەكانەوە دەكرانە كۆیلەو دەخرانە بازاڕەكانی ئەمریكاو لەرێگا دەریاییەكاندا لەناوچوون، لەبنەرەتدا روسەكان كۆمۆنیزم و كۆمەڵێك دروشمی گەورەیان وەك هێزیكی نەرم(SOFT POWER) بەكارهێنا بۆئەوەی لەرووی جیۆپۆلەتیكیەوە ئیمپراتۆریای روسیا دابمەزرێنن وخوێن وجواناوی گەلانی هەموو دنیایان خستە خزمەتنی ئەو پڕۆژەیەوە!.

 ئەوەی لە مێژووی توركیا وئێران روویدا، دووبارە بوونەوەی هەمان كاری سیخوڕیەتی وئامادەكردنی كۆیلەی بازاڕ بوو بۆ سەرمایەدارەكان، كەمال ئەتاتورك توركیای نوێی دانەمرزاند، بەڵكو كاری ئەوەبوو كەلتووری ئیسلامی توركیا لەناوبەرێت، لەبەرئەوەی عوسمانیەكان لە جەنگ دۆڕابوون، بەڵام مەترسی خەلیفە بەهۆی هێزی نەرمی ئیسلامەوە وەك هەڕەشەیەك مابووەوە وتێكنەشكابوو، بۆیە مستەفا كمال پاشایان هێنا بۆئەوەی ئەو كارەیان بۆ ئەنجام بدات وهەموو كەلتووری توركی وگەلانی ناوچەكە لەرەگەوە هەڵكەنیێت، هەمان شت بۆ رەزاشاش راستە ولەژێر پاراستنی تۆپەكانی بەریتانیا توانی دەسەڵات بگرێتە دەست وهەركاتێكیش كاریان پێی نەما لە جەنگی دووەمی جیهانیدا تڕۆیان كرد، وەك چەرچلی سەرۆك وەزیرانی بەرتاینا راشكاوانە گوتی :" ئێمە خۆمان رەزاشامان هێناو خۆشمان لامانبرد)!. دیارە ئەو بنەمایە بۆ هەموو بەناو شۆڕشەكانی ئەو ناوچەیەش راستە، وەكو بەناو شۆڕشەكانی كورد، ئەوەی پێی دەگوترێت شۆڕشی ئەیلوول وشۆڕشی نوێ وگوڵان و ... هتد.

جگە لە بازراگانیكردن بەمەسەلەی كوردو خوینی مرۆڤی كورد زیاتر نەبووە، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە زیاتر لەنیو سەدە گەنجی كوردیان لەپەنای ئازادی بەكوشتن دا، زۆرینەی قوربانیەكانیش بەدەستی بەناو شۆڕشگێرەكان خۆیان  بوو، واتە لەشەری خۆبەخۆیی بوو! دواتریش، كە لچكێكی دەسەڵاتیان كەوتە دەست، كەوتنە سووتاندن ودزین وهەڕاجكردنی نەك بەتەنیا باشوور، بگرە هەموو كوردستان! بۆیە دەبێت بەوردی خویندنەوەی نر بۆچەمكی شۆڕش بكرێت، ئەو گۆڕانكاری وپێشكەوتنانەی لەبواری زانست تەكنەلۆژیا روویانداوە وژێرخانی كۆمەڵگایان گۆڕیوە، خراپ بەكارهێنراون لەرێڕەوی راستەقنیەی خۆیان لادراون، سەرمایەدارە چاوچنۆكەكان خستوویانەتە بەرژەوەندی گیرفانی خۆیانەوە، بۆیە دەبیت بەجیا لەو كایە ترسناكە بكۆڵرێتەوە، ئەمەیە وایكردووە سەرباری ئەو پێشكەوتنە گەورانەی روویانداوە، هیچ كاتێك مرۆڤ بوون وەكو ئێستا لەبەردەم مەترسیدا نەبووە ومرۆڤایەتی لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندا نەبووە!

17/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر