یاخوا ئەوەی ئێمە دیمان ئێوە نەیبینن

لەتیف مستەفا

دایکم تەمەنی سەرو ھەشتا ساڵە ١٧ ساڵیشە لەسەر جێیە چونکە توشی شەلەلی نیمچەیی بوەو دەست و قاچێکی کار ناکات.

حەفتەی رابردوو توشی پەتای کۆرۆنا بوو، دکتۆر بۆی نوسی لەنەخۆشخانەی کۆماری« سەرقەبران » داخل ببێ، ھەندێ چارەسەریشی بۆ نوسی ، کە تەلەفۆنمان کرد بۆ ئوتومبێلی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە، بۆ ئەوەی بێن بیبەین بۆ نەخۆشخانە وتیان جێگا نە.

پەیوەندیمان کرد بە نەخۆشخانەی شۆڕش وتیان نەخۆشخانەی ئاسا «کە خێرخوازان دروستیان کردوە بۆ نەخۆشی کۆرۆنا»داخراوە چونکە بەناو حوکمەت پێداویستی و یارمەتی کارمەندە خۆبەخشەکانی بڕیوە.

پەیوەندیمان کرد بە نەخۆشخانەی بەخشین وتیان ئێمە تەنیا ٥ جێگامان ھەیە ئەویش بۆ چاودێری وردەو وتیان جێگامان نیە 
بەناچاری پەیوەندیمان کرد بەنەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە وتیان لای ئێمە تەنھا شوێنی مانەوەکە شەوی بەیەک ملیۆن دینارە پارەی دکتۆر و عیلاج و فەحس و تیشک وھەرشتێکی تر لەسەر خۆتانەو جێگاشمان نیە.

بەراستی من تووشی شۆک بووم نەخۆشخانەیەک کە زەویەکەشی ھی گشتیەو بەبەلاش پێیان دراوە بۆ دەبێ تەنھا نرخی شەوێک مانەوە بە یەک ملیۆن بێ؟

ھەرچەندە ئێمە ناتوانین بەو پارەیە بیگرین، بەلام پارەم لێ بڕژێت ئامادە نیم و پێم کوفرە ئەو پارەیە بدەم، ئاخر موھیمترین ئوتێلی ٥ ئەستێرە نرخەکەی لە ١٥٠ دۆلار تێپەڕناکات ، یەعنی چی تەنھا نرخی مانەوە یەک ملێۆن بێ
دواجار دوای چۆڵ بوونیجێگایەک لە نەخۆشخانەی کۆماری داخل کرا بەلام تا گەیشتە ئەوێ شەکرەی فڕی و جەلتەیەکی تر لێیدایەوەو ئەمجارە تەواو گۆج و ئیفلیجی کردو تەنھا بەسەر زیندوەو  ناتوانێ قسەش بکات لەرێی بۆری لە لوتیەوە بۆ ناو مەعیدەی شەربەت و شیرو شۆربای کەم کەمە دەدرێتێ
لەنەخۆشخانەی کۆماری سەرەڕای ھەوڵو اندوبونی دلسۆزانەی بێ ووچانی دکتۆرو کارمەندەکانیان بۆ بەپیرەوە چونی نەخۆشەکان بەو پەڕی لەخۆ بوردەیی و ئازایەتیەوە  بەلام لەدەسەلات و توانایان زۆر زیاترەو بیناو شوێنەکەش نەک ھەر لەبینای نەخۆشخانە ناچێ بەلکو زۆر کۆن و خراپ وماندووە، نەخۆشەکان بەسەریەکدا ھەلترشاون، ئەوەی نەخۆشیش نەبێ لەوێ نەخۆش دەبێ.

سەیرە شاری سلێمانی بە قەزاو ناحیەکانیشیەوە کە تەنھا ھێندەی یەک گەڕەکی بەغدایە ئاوای لێبکرێ؟
من کە ئەمە دەنوسم بۆخۆمی نانوسم چونکە دایکم تازە باجەکەی داو باوەرناکەم ھەرگیز چاکیش بێتەوە بەلام بۆ خەلکمە بەتایبەتی خەلکی ھەژارو بێ دەرامەت 
چ رەوای حەقە شارێکی وەک سلێمانی نەخۆشخانەی کۆرۆنای ئاوابێ، دەلێم یاخوا کەس بەتایبەتی خەلکی بێ دەرامەت توشی ئەو پەتایە نەبێ و رێگای نەکەوێتە نەخۆشخانەکان  
ئێستا کەسەرو بەندیھەلبژاردنە چۆن رویاندێ داوای دەنگ دان بکەن لە کاتێکدا ھەموو مەسەرفی نەخۆشخانەکە لەوانەیە بەیەک لەسەردەی ئەو پارەیەی ھاوسەرۆکان لەمانگێکدا بەناحەق و ناڕەوا لەپارەی دزراوی خەلک تەخشان و پەخشانی دەکەن و بەسەر پیاوەکانی خۆیاندا دەیبەخشنەوە کەمترە
پێتان دەلێم تۆزێک شەرم بتانگرێ، لەجیاتی نمایش کردن و خۆبادان و قاقای پێکەنین بێخەمانەتان لەبەردەم میدیاکان  بەجلی مارکەو مۆدیل و ریزە ئوتومبیلە بێ کۆتاییەکانتان تۆزێک غیرەتتان بێ و سەردانی نەخۆشخانەی کۆماری و نەخۆش و دکتۆرو کارمەندە دلسۆزەکانی بکەن و لەو پارەی کەپێویستە بۆ ئەوانو شوێنە خزمەتگوزاریە گشتیەکانی تر تەرخان بکرێ و ئێوە بەناحەق دەیبەن بەشێکی کەمیش بێ بۆیان بگێڕنەوە.

03/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر