كاتێك باس دێتە سەر حكوومڕانی لە هەرێم، گومانی تێدا نییە كە هەمووان دان بە كێشە و كەموكوڕییەكاندا دەنێن، بەڵام پێویستە راستییەكان وەك خۆی پێشان بدرێت و هەمووان بزانن هەر لە سەرەتای دامەزراندنی یەكەم كابینەی حكوومەتی هەرێم، لایەنی خراپساز لە كوردستان كامە لایەن بووە، بۆیە لە ئێستا و لەم كابینەیەش هەمان سیناریۆ بە كاراكتەری جیاواز بەردەوامی هەیە.
ڕاستە ئەم كابینەیە خراپسازە بە هۆكاری ئەوەی لایەنێكی سەرەكیی پێكهاتەی حكوومەت، كە بەشی زۆری وەزارەت و جێگری سەرۆكی حكوومەتیشی لایە، بەربەستە بۆ هەنگاوەكانی چاكسازی و داهات ناگەڕێنێتەوە بۆ حكوومەت و هانی فەرمانبەران دەدات بۆ بایكۆت و پارەی كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خاشاك نادات و لە بەرامبەردا وەزیرەكان و پەرلەمانتارانیان بانگەشەی بوونی پارە دەكەن بۆ مووچە و، حكوومەت و سەرۆكی حكوومەت تۆمەتبار دەكەن بە نەدانی مووچە، خۆ ئەگەر بەراوردێك بكەین لە نێوان مووچەخۆرانی هەردوو زۆن، ئەوە بە دڵنیاییەوە رێژەی فەرمانبەران لە سلێمانی بەرامبەر هەردوو شارە، بە شێوەیەك تاكو ئێستا دەسەڵاتدارانی سلێمانی لەسەر ئەو بنەمایەی كە دەڵێت ئەوەی هی خۆمە بۆ خۆم و ئەوەی هی تۆشە دەخۆم، بەردەوامن لە حكوومەتداریی ئەم زۆنە.
بەڵێ، ئەم كابینەیە خراپسازە بە هۆكاری ئەوەی لایەنی سەرەكیی ئەم كابینەیە، لە عێراقیش خەریكی یارییەكی ترسناكە بە داهاتووی هەرێم بە هاوكاریی هاوپەیمانەكانی لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە، كە كۆی پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هاوكات لە ڕێگەی خودی سەرۆككۆمارەوە بەربەست بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێم دروست دەكەن، لە بەرامبەر داخوازییە كەسییەكان یەكڕیزی كوردیان لە بەغدا بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار بردووە، لەسەر ئاستی هەرێمی لە ڕێگەی ڕێككەوتنی گوماناوی لەگەڵ پارتەكانی پارچەكانی تری كوردستان بەردەوامن لە دروستكردنی كێشە بۆ هەرێم، بە شێوەیەك ئەوەتا جوڵەی چەكدارانی پەكەكە لە سنوورێكی دیاریكراودا بۆ ڕاكێشانی هێزەكانی توركیا بۆ قوڵایی خاكی هەرێم، ئەم گومانە پشتڕاست دەكاتەوە.
بەلێَ ئەم كابینەیە خراپسازە، بەو هۆكارەی كە خاوەنی كۆمپانیایەك كە دەیان ملیار دینار باج قەرزاری حكوومەتە و دەیان دۆنم زەوی (مساتەعە)ی داگیر كردووە، دێت و لەسەر شاشە چەواشەكاری خەڵك دەكات و كار لەسەر بێبەهاكردنی هەموو پیرۆزییەكانی نیشتیمان دەكات، لە كاتێكدا باش دەزانن كە حكوومەتی عێراق لە هیچ كاتێكدا بەشە بودجەی كوردستان نانێرێت، بەڵام خەڵك چەواشە دەكەن كە حكوومەتی هەرێم بەرپرسە لە رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغدا ، هاوكات لەبری گەیاندنی ڕاستییەكان بە خەڵك كە كێ بەرپرسە لەدواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران، هێرش دەكەنە سەر سەرۆكی حكوومەت ، لە كاتی دروست بوونی كێشە خزمەتگوزاییەكان بە تایبەتی لە بواری شارەوانی و تەندروستی و دابەشكردنی مووچە جارێكی تر چاوپۆشی لە ڕاستییەكان دەكەن كە كێ بەرپرسە لە دابینكردنی ئەم پێداویستیانە بە دڵنیایەوە دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوزن.
لەسەر ئاستی هاوپەیمانییەكان پاراستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزێكی هەرێمی وەك ئێران كە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە هەرێمی كوردستان هەمیشە پاشكۆی بێت بۆ حكومڕانانی عێراق یاخود لەباربردنی ئەم ئەزموونە بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی هەرێم نییە، كە لە ئێستادا هەوڵێكی نێودەوڵەتی و هەرێمی نێوخۆیی بوونی هەیە كە زۆرینەی گەلی عێراق پاڵپشتی دەكەن بۆ ئەوەیە كە عێراق لەژێر هەژموونی ئەم وڵاتە دووربخەنەوە، هاوكات چوونە بەرەی كۆمەڵێك هێزی عێراقی دۆڕاو لە هەڵبژاردن كە بەرپرسن لە بڕینی بودجەی هەرێم و هێرشكردنە سەر هەرێم و گەمارۆدانی، جگە لە سیاسەتێك كە تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە كەسی و حیزبییەكانە، هیچ خزمەتێك بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ناكات.