قەوارەی هەرێم لە نێوان مەترسی و دەرفەتەكاندا

محەمەد عەلی

لە ماوەی ڕابردوودا هەمووان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە مەترسیی جددی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان بوونی هەیە و چەندین دەستپێشخەریش بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە سیاسییەی لە هەرێم هەبوو، پێشنیاز كرابوون، لە بەرامبەردا كۆبوونەوەی 17/5 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئومێدی بۆ هەمووان گەڕاندەوە كە دۆستانمان لەم كایە گرینگەی جیهان پاڵپشتن بۆ هەرێمی كوردستان،
كاتێك بۆ یەكەم جار نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و نوێنەری وڵاتانی زلهێز جیاواز لە عێراق، وەك كیانێكی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ قەوارەی هەرێمدا كرد و دووپاتی مەترسییەكانیان كردەوە.

بۆیە دەكرێ ئەمە هاندەرێك بێت بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان، كە هەنگاوی جددی بنێن بۆ چارەسەركردنی گشت كێشە سیاسییەكان، كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیش تایبەت بە ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردنەكانی كوردستان، جگە لەوەی دەبێتە سەرەتایەك بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی  كوردستان، لە هەمان كاتدا بەردەوامی بە پڕۆسەی دیموكراسی لە هەرێم دەدات،
ئەمەش هۆكارێك دەبێت كە وڵاتانی زلهێز و نەتەوە یەكگرتووەكان پاڵپشت بن بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەكانی سەر هەرێم و یارمەتیدەر بن بۆ زیاتر سەقامگیری و پێشكەوتن لە كوردستان.

دوا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی  بەرپرسی یەكەمی یەكە ئیدارییەكانی سنووری سلێمانی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەی دواكەوتنی مووچە و پێكهێنانی لیژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوونی داهاتەكانی دەڤەری سلێمانی، بە مانای لێكنزیكبوونەوەی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار دێت، ئەم هەنگاوەش هۆكارێك دەبێت بۆ سەقامگیربوونی
ڕەوشی هەرێم لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە و لە هەمان كاتدا پێگەی هەرێم بەهێز دەكات و مەترسییەكانیش كەمتر دەكاتەوە، هەروەها شەقامی كوردیش هێور دەكاتەوە و ئەمەش وا لە حكومەتی هەرێم دەكات لەبری سەرقاڵبوون بە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ، خەریكی پەرەپێدانی هەرێم بێت لە گشت سێكتەرەكان.

لە لایەكی دیكەشەوە، لە دوای هێرشەكەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، دەرفەتەكانی بەردەم وزەی كوردستان زۆر زیاتر بوون، لە بەرامبەردا مەترسییەكانیش دووهێندە بوون، بە شێوەیەك لە ئێستادا یەكڕیزیی نێوماڵی كوردیان كردۆتە ئامانج، ئەمەش وای كردووە كورد لە عێراق لاواز بێت و لایەنە دژەكانی هەرێم لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی و هێرشە مووشەكییەكان، فشارەكانیان بۆ سەر هەرێم بەردەوام بێت و لە
بەرامبەریشدا دەستی وڵاتانی دراوسێی واڵاتر كردووە بۆ ئەوەی سەقامگیریی هەرێم ڕووبەڕووی مەترسی بكەنەوە، لە ئەگەری بوونی یەكڕیزیی نێوماڵی كورد و چوون بۆ بەغدا بە یەك پاكێج، هەم عێراقییەكان و هەم وڵاتانی دراوسێ ناچار دەكات لە هەر هەنگاوێكی دژبەری هەرێم دەبێت بە حیساباتیاندا بچنەوە و هاندەریش دەبێت بۆ دۆستانمان لە عێراق و جیهان زیاتر پاڵپشت بن بۆ بەردەوامبوونی قەوارەی هەرێم.

ئەوەی لە هەمووان زیاتر لە مەترسییەكان و دەرفەتەكان تێگەیشتووە، پارتی دیموكراتی كوردستانە، بە شێوەیەك لە چەندین بۆنەدا سەرۆكی هەرێم داوای كۆبوونەوەی لایەنەكانی كردووە و لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی، مەكتەبی سیاسی ڕاسپێردرا ئامادەكاری بكات بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی و ئەم هەنگاوەش جارێكی
تر ئەوەی سەلماند، كە پارتی هەموو كات ئامادەیە بۆ بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان  سازش لە داواكارییەكانی بكات لە پێناو بەدیهێنانی یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا.

20/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر