لە ماوەی ڕابردوودا، هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سەختی ئابووری و سیاسیدا تێپەڕ بوو، كە سەرباری هۆكارە دەرەكییەكان، لە ئێستادا ماكینەیەكی ئیعلامیی گەورەی ناوخۆییش بە پاڵشتیی هەندێك حیزبی سیاسیی كوردستان بۆ تەگەرەخستنە بەردەم حكومەتی هەرێم كەوتووەتە كار، بەڵام هەنگاوە بوێر و ڕاستەكانی سەرۆكی حكومەت كاك (مەسرور بارزانی) توانی هەموو بەربەستەكان تێپەڕێنێت و كوردستان بگەیەنێتە كەناری ئارام.
ئەوەی تایبەت بێت بە پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی عێراقی، ڕوونە كە لەسەر هەموو ئاستەكان لە ئێستادا سەرقاڵی ڕێككەوتنە، لە ڕووی سیاسییەوە لە ئێستادا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەت لەوپەڕی سەقامگیریدان، هاوكات پەیوەست بە پرسی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە عێراق، گشتیان لە بەرژەوەندیی كورد یەكلا كراونەتەوە، لە كەركووك بۆ یەكەمجار ئاماری 1957 بنەمایە بۆ دەنگدان و دەنگدانی ئاوارەكانی نەینەوا لە شوێنەكانی خۆیانە و مافی پێكهاتەكانی هەرێم پارێزراوە، هاوكات گرینگترین و قوڵترین جیاوازییەكان لەگەڵ ناوەند، پرسی نەوتە، كە لە ماوەی ڕابردوودا بە هەوڵی سەرۆكی حكومەت توانرا بگەنە ڕێككەوتنێكی گشتگیر، كە هەم مافی هەرێم پارێزراوە و لە لایەكی تریشەوە هەنگاوێكی چارەنووسسازە بە ئاراستەی چارەسەركرنی قەیرانی دارایی هەرێم، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەم ڕێككەوتنە دەبێتە هۆكارێك بۆ كردنەوەی دەرگایەك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كوردستان لە ناوچەكانی تری عێراق.
لە پرسە چارەنووسسازەكانی پەیوەست بە مانەوەی قەوارەی هەرێم، كە خۆی دەبێنێتەوە لە پرسی هەڵبژاردن و چاكسازیدا، ئەوا سەرۆكی حكومەت بە ئیرادەی پۆڵایینەوە كاری كردووە بۆ گەیشتن بە دەرەنجام، بە شێوەیەك لەپرسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بە هاوكاریی سەرۆكایەتیی هەرێم هەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن و دابینكردنی پێداویستیی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و قبوڵكردنی گشت داواكاریی لایەنەكانی تر تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام یەكێتی تاكو ئێستا ئامادەی هەڵبژاردن نییە.
لەسەر ئاستی چاكسازیش هەنگاوە بوێرەكانی سەرۆكی حكومەت لە پرسی چاكسازی لە سێكتەرە جیاوازەكانی حكومەت، هاوتەریبە لەگەڵ هەنگاوەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم لە پرسی چاكسازی و یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، جگە لەمەش هەوڵە بەردەوامەكانی سەرۆكی حكومەت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ڕەنگدانەوەی كاریگەری هەبووە بۆ زامنكردنی مانەوەی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان، بەرهەمی ئەم هەوڵانەش بریتییە لەوەی لە ماوەی ڕابردوودا هەرێمی كوردستان بوو بە وێستگەی سەرەكیی سەردانی سەرۆكوەزیر و وەزیرانی وڵاتانی زلهێز، لەسەروی هەمویانەوە هاتنی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان (ئەنتۆنی گۆتیرێز)، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی حیساب بۆكراوە لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهاندا.
لەسەر ئاستی سەركردایەتیكردنی كابینەی نۆیەم، بە ڕوونی بۆ هەمووان دیارە سەرباری قەیرانی قوڵی دارایی و نەگەڕانەوەی داهاتی سلێمانی و نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدا، بەڵام حكومەت بەردەوامە لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران، لەلایكی ترەوە بە ئیسڕار و هەنگاوە دروستەكانی سەرۆكی حكومەت كاك (مەسرور بارزانی) زۆر ژیرانە توانرا هەنگاوە نابەرپرسانەكەی لایەنێكی دیاریكراو لە حكومەتی هەرێم بە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی حكومەت كۆنتڕۆڵ بكرێت، بە شێوەیەك كە هیچ كاریگەرییەكەی لەسەر گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا نەبێت و حكومەتیش بەردەوام بێت لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و شەرعیەتی كابینەی نۆیەمیش وەك خۆی بمێنێتەوە، ئەمەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە هاتنی چەندان وەفدی بیانی بۆ هەولێر پشڕاست كرایەوە. لەسەر ئاستی هەرێمیش حیزبەكانی تری بەشداربوو بەردەوام بوون لە كابینەی نۆیەم، لەسەر ئاستی عێراقیش دوای چەندین گەڕی گفتوگۆ وەفدی هەرێم لەگەڵ بەغدا گەیشتن بە ڕێككەوتن، ئەمەش دروستیی هەنگاوەكانی سەرۆكوەزیرانی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان دەرخست.
ئەگەر لەسەر ئاستی ئەمنیش سەیری ڕەوشی هەرێم بكەین، پیلانەكان بەردەوامن و لە بەرامبەریشدا هەوڵەكانی سەرۆكوەزیران بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم بەردەوامن، سەرەتا تیرۆركردنی (هاوكار جاف) هەوڵێك بوو بۆ پیشاندانی نائارامی هەولێر و تۆمەتباركردنی پارتی بەم كارە، بەڵام بە پێچەوانەوە بكەرەكان دەستگیر كران و لایەنی پاڵپشتی ئەم كارەش بۆ هەمووان ئاشكرا كرا، دواتر هێنانی (مەزڵوم كۆبانی) فەرماندەی هەسەدە بۆ سلێمانی و دروستكردنی سیناریۆیەك بۆ پیشادانی نائارامی هەرێم، بەڵام جارێكی تر لایەنی یارمەتیدەری ئەم هەوڵەش ئاشكرا كران، كوشتنی (كاوە بازیانی) و داڵدەدانی بكوژەكە لە هەولێر بە شێوەیەك بڵێن كە بكوژ لە هەولێرەوە هان دراوە بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە، بەڵام ئەنجامی ئەم هەوڵەش دەستگیركرنی بكوژ و ئاشكراكرنی داڵدەدەرانی بوو، كۆتا هەوڵیش كوشتنی كوڕی (عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك) كە دەكرا سەرەتایەك بێت بۆ گرژییەكی سەرتاسەری لە هەرێم بەو هۆكارەی ئەم كەسایەتییە خاوەن هێزێكی زۆرە و پێگەیەكی كۆمەڵایەتی و سیاسیی دیاری هەیە لە ناوچەكەدا، جارێكی تر بە هەوڵی سەرۆكوەزیران توانرا كۆنتڕۆڵی ئەم گرژییە چاوەڕوانكراوە بكرێت و هەمووان بە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە پابەند بن.