دوای تراژیدیای ئەنفالی (یەک بۆ دۆڵە رووت و دۆڵی جافایەتی ومەرگە و کیمیا بارانی هە لەبجە و ئەنفالی دووی قەرەداخ و ئەنفالی سێ ی گەرمیان) .
لە مانگی ٤ی ١٩٨٨ ، مەفرەزەیەکی ئەمنی سلێمانی ، ( سەیدە مەعروف) ،ناسراو بە (حاجی سەیدەی مارف عەربەتی ) ، شۆفێری پاسی کۆستەرو دەیان شۆفێروپاسی کۆستەری تریان، لە هێڵی بەغداد -سلیمانی ،لە گەراجی سلێمانی، بەسوغرە برد بۆ سنووری ناوچەی قادر کەرە م ی گەرمیان .
سەید مەعروف وهەموو شۆفیری پاسەکان ، ئەو هەموو ژن و پیاو منداڵانەی گوندەکانی قادر کەرەمیان بە دیلی ، لە بەر ئەوتاوە بارانە بینی ،چۆن سەربازەکان لە بازنەیەکی دیاری کراو، لە هەر چوار لاوە، میللی چەکەکانیان ئاڕاستە کردبوون ،ئەو ژن و و پیاو و منداڵانە ، لە یەکەم رۆژی پەلاماری سوپای ئەنفال وجاش بۆ سەر ناوچەکەیان ، خۆیان لە ناو شوێنە چەپەکانی ئەو شیوو نشیو و گردۆڵکە و لاپاڵ و ئەشکەوتانەدا حەشار دابوو، بۆ ئەوەی نەکەونە ناو تۆڕی هیزەکانی سوپای عیراق و جاش و دەسگیر نەکرێن .
بەڵام سەرۆک جاشیک بە موکەبەرە بە هەموویانی راگەیاندبوو :
- حکومەتی نیشتمانی عێراق ،خاوەنی بەزەیی و رەحمە، لە هەمووتان دەبورێ ،گەرلە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ، روونەکەنە ناو سوپا ، ناوەکانتان تۆمار نەکەن ، خانووتان لە ئۆردوگاکان بۆ دروست ناکرێت و مافەکانتان دەفەوتێت .
ئەمنەکان ١٥ژن و ٢٠ منداڵیان بە پاڵ خستە ناو پاسەکەی سەید مەعروفەوە ، دوو سەربازیان بە چەکەوە لای دەرگای هەموو پاسەکانەوە دەبون بە پاسەوانی ناو پاسەکە ، بۆ ئەوەی هیج کەسێک نەتوانیت خۆی دەرباز بکات ، هەموو پاسەکان پڕ کران لە ژن و پیاو و پیرو منداڵ ، پێش ئەوەی کاروانی پاسەکان بکەونە ڕێ ، هەردوو پاسەکەی ناو پاسەکەی سەید مە عروف دابەزین .
کاروانی پاسەکان کەوتنە جوڵە ، بەرەو چەمچەماڵ ،پێش ئەوەی بگەنە ناو ئۆردوگای شۆڕش ی نزیک چەمجەماڵ ، ژنێک بە سەید مەعروفی وت :
-براکەم لە فرسەتێک دا ، پاسەکە خاو بکەرەوە ،بۆ ئەوەی خۆم دەرباز بکەم و بگەمە ماڵی خزمێکمان .
کاروانی پاسەکان ، یەک بەدوای یەکدا بەریز دەڕۆیشتن ، لە ناکاو وەستانی پاسێک لە نێوان کاروانی ئەو هەموو پاسانەدا کاریکی زۆر قورس و دژوار بوو ،سەید مەعروف بۆ ئەوەی پاسەوانی پاسەکانی تر ، بەوەستانی پاسەکەی نەزانن ، لە و کاتەنە دا گەیشتنە بەردەم چاڵ و چۆڵییەک ، پاسەکەی هێواش کردوە ،ژنەکە فرسەتی هێناو بە خێرایی دەرگاکەی کردوە و خۆی فڕێ دایە قەراغی رێگاکە و بە پرتاو هەستایەوە و بە راکردن ،بروسکە ئاسا خۆی لە کۆڵانەکان لە چاویان ون کرد .
هەمووکاروانی پاسەکان بەو هەمووژن وپیاو و منداڵەوە گەیشتنە ناو چەمچەماڵ و وەستان، خەڵکی خاوەن هەڵوێستی چەمچەماڵ لە هیزەکانی سوپا ی عێراق راپەڕین ،بۆ ئەو دیلانەی ئەنفال دەرباز بکەن ،هێزەکانی سوپا بواریان پێ نەدەدا ، کۆپتەر بە نزمی گەیشتە سەر ئاسمانی چەمچەماڵ .
لەو کاتەدا ژوو سەرباز بە چەکەکانیانەوە بە پریاو خۆیان گەیاندە ناو پاسەکەی سەیدەوە ،بواریان نەدا کەس لە پاسەکە دابەزێت .
کاروانی پاسەکان لە جادەی (چەمچەماڵ –کەرکوکە)ەوە کەوتە جوڵە رووەو کەرکوک ، لە (سەربازگەی تۆپ زاوە) ی نزیک کەرکوک هەموو ئەو ژن و منداڵانەمان بە برسێتی و تینوێەتی و بە جەستەی تەڕەوە دابەزاند .
دوای ئەوەی سەید مەعروف گەڕایەوە بۆ ما ڵەوە ، نەیدەتوانی ئەو دیمەنە تراژیدیانەی ( قادر کەرم و چەمچەماڵ و تۆپزاوە) لە بیر بکات ، ئەودیمەنە جەرگبڕو دڵتەزێنانە کاری زۆری کردە بووە سەر ناخ و هەست ودەروونی ،چەند جاڕیک فرمێسک بەچاوەکانی دا دەهاتە خوارەوە ، بە قورگێکی پڕ لە گریانەوە ، ئەو چیرۆکە تاڵەی دیلەکانی ئەنفالی بۆ هاوسەرو جگەر گۆشەکانی دەگێڕایەوە، ماوەی مانگێک نەیتوانی بە سویچەکەی پاسەکەی بخاتە گەڕ و بچێ بۆ گەراج بۆ سەر کارەکەی ، بە بەردەوامی باسی لانەوازی و برسێتی و دیلێتی ئەو ژن و منداڵانەی گوندەکانی گەرمیانی بیر دەکەوتەوە ، ماتی و مەلولیەک دایدەگرت ،توشی خەمۆکی بوو ، توشی نەخۆشی شەکرە بوو ، هەردوو گورچیلەی وەستا ،لە ١٠/٤/ ١٩٩٤ ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد .
سەرچاوە :ئەم زانیاریانەم لە مامۆستا جەمال سەیدە مەعروف پێ گەیشتووە .
دیمەنێک لە کتێبی (رەشەبای ژەهرو ئەنفال ) ، بەرگی (سێیەم و چوارەم و پێنجەم )،چەند هەزار لاپەرەیەکە ، چاپ نەکراوە .