دەبم بە محامی شەیتان!

خالید رەزا
وەزارەتی پێشمەرگە، وا نابێ!

بەندە هیچ پسپۆرییەکی لە زانستی سەربازی دا نیە و لە هیچ ناوەندێکی زانستی سەربازی نەمخوێندوە، بەلآم بە پێێ سەلیقەی خۆم و بە پێێ ئەو وانانەی کە لەسەردەمی پێشمەرگایەتی و ژیان و خەباتی پارتیزانی دا بەتایبەت لەدوای ئەنفالەکان، چ بە شەخسی و چ بەحکومی ئەوەی لە حەساسترین دەزگای شۆرش (جیهازی مەرکەزی) دا لەگەڵ هاورێکانم کارم کردوە و بەردەوام ئاگامان لەهەموو جموجوڵ و إڕوداوێک بوە کە لەنێوان سپای ئیحتلالی بەعس و رەتڵی پارتیزانەکانی ناوچەکانی کوردستان دا ڕوی داوە، ماف بە خۆم ئەدەم ئەم چەند سەرنجە بچوکە تۆمار بکەم و ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ی بکەم:

یەکەم : لەدوای شەرەکانی ئەم یەک دوو هەفتەی تیرۆریستانی داعش و هێزەکانی پێشمەرگە، وەزارەتی پێشمەرگە، هەماهەنگی لەگەڵ سپای عیراقی فیدراڵ کردوە بۆ ڕوبەڕوبونەی داعش. هێزەکانی پێشمەرگەشیان خستۆتە باری نائاساییەوە! 

دوەم : تیرۆریستانی داعش، ناوچە و زۆنی دیاریکراو(ڕزگارکراو)یان نیە، ئەوان شەڕی گروپ گروپی بچوکی پارتیزانی دەکەن، لەسەر ئەو سەرەتایەی کە دەلێ: لە هەموو شوێنیک هەبون ، لەهیچ کوێ یەک نەبون. ئەمە ڕیک هەمان تاکتیک و بەرنامەی پارتیزەکانی دوای ئەنفالەکانە، کە ناوچەی رزگار کراویان بەدەستەوە نەمابوو. بەلام ترس و دڵەڕواکێ یان خستبوە دڵی دوژمنەوە. لە هیچ شوێنێک نەبون، لەهەموو شوێنیکیش بوون.

سێێەم: بەعس سیاسەتی کێوماڵ کردن و پەلاماری لەناوکاوی لە ڕێی هێلیکۆپتەرەوە دژ بە پارتیزانەکان پێڕەو دەکرد، بەلام جگە لەیەک جار کە ئەویش بەڕێکەوت و لە قوڵایی گەرمیان و لەنزیک گوندی فەقێ مستەفا، مەفرەزەیەکی پارتیزان کەشف دەکەن و زەربەیان لێ ئەدەن، لە تیکراێ کێوماڵ کردنەکانیان دا نەیان توانی بوو زەفەر بە پارتیزانەکان ببەن. بە پێجەوانەوە پارتیزانەکان ناو بەناو هێرشیان دەکردە سەر رەبایەکانی دوژمن و لە سەر ڕێگەی هاتوچۆیان (مین) یان دادەنا ودوژمن یان هەراسانکردبوو.

چوارەم: کۆکردنەوەی ئەو هەموو هێزە و کێوماڵکردن و نمایشی سەربازی، بۆ ئەو تیرۆریستانەی کە هەمان تاکتیکی جەنگی پارتیزانی بەکار دەهێنن، بەڕای بەندە کارێکی سەرکەوتو نابێ، زۆر بە ئاسانی خۆیان ددەشارنەوە.

پێنجەم: گواستنەوەی نمایشە سەربازیەکان، لەڕێی پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنەکانەوە، گەورەترین هەڵە و کوشندەترین سکانداڵە. ئاگادار کردنەوەیەکی پێشوەختەی تیرۆریستەکانە و هیچ پێویست بەوە ناکات خۆیان ماندوو بکەن، لە ڕێی شاشەی مۆبیالەکانیانەوە ئاگاداری هەموو جوڵە و پلانێکی سەربازی پێشمەرگە دەبن. بۆیە نابێ ڕێگە بدرێ هیچ تەلەفزیۆنێک ڕوماڵێ ڕاستەوخۆی بەرەکانی شەرو جوڵەی هێزەکانی پێشمەرگە بکات. بەڵکە دەبێ لەو جۆرە چالاکیانەدا، وەزارەتی پێشمەرگە تیمی تایبەت بەخۆی هەبێ و روداوەکان تۆمار بکات و دواتر بیدات بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەبێ جیاوازی.
  
شەشەم : دەبێ بەهەمان شێوازی خۆیان شەریان لەگەڵ بکرێ. مەبەستمە بڵێم، دەبێ هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی زانیاری هەواڵگری ڕاستودروست، بە مەفرەزی پارتیزانی بەشەو رۆژ ئەو ناوچانە بپشکنن یان جەولەی تیا بکەن کە گومان دەکەن تیرۆریستانی لێیە. بەلام دەبێ ئەو مەفرەزانە کەسانی سەربازی مەشقپێکراوبن. هەموو پێداویستیەکانی شەری پارتیزانیان پێ بێ. کاتێک (وەکر) ێکی تیرۆریستان ئەدۆزنەوە، یان توشی شەڕی لەناکاو دەبن دەبێ بەزویی هێزی پشتیوان بە سێ بەرامبەری ژمارەی تیرۆریستەکان،بەزویی بگەنە شوێنی شەڕەکە. 

حەوتەم : کاتی خۆی پارتیزانەکان، چ لەرێی سەرچاوەکانی خۆیانەوە، چ لە ڕێی ڕیکخستنی شارەکانەوە، هەندێک جاریش لەڕیی جیهازی مەرکەزییەوە، ڕەتڵی پارتیزانەکان لە تەحەشوداتی ڕژێم و کێوماڵکردنی ناوچەکانیان ئاگادار دەکرانەوە و ئەوانیش لەو ئەشکەوت و پەناگانەی کە دورستیان کردبوو خۆیان دەشاردەوە، هەتا کێوماڵە (کاتیە)کانی سپای بەعس کۆتایی دەهات. دوایی دەستیان بە چالاکی و هاتوچۆکردنی خۆیان دەکردەوە. ئێستەش داعشەکان هەمان تاکتیک پێڕەو دەکەن. بۆیە ئەم نمایشە سەربازیانەی هێزەکانی پێشمەرگە و سپای عیراق، کاریگەری ئەوتۆیان لەسەر کارە تیرۆریستیەکانی داعش نابێ، رەنگە چەند ڕۆژێک دوایان بخات، بەلام کۆتاییان پێ ناهێنێ.

بۆیە دەبێ شێوازی ڕوبەڕونەوە بگۆڕن وەکو لەسەروە ئاماژەمان پێکردوە. چونکە هەم ژمارەی کەمتر هێزت پێویستە، هەم خەرجی کەم دەکرێتەوە. بەتایبەت لەم کاتەدا کە باس لە کەمی بودجە دەکرێ.!

گەلۆ ئەو ئەفسەرو  پلەدارانەی کە دەرچوی ئەکادیمیای سەربازین، ئەمە نازانن؟! یان دەیزانن و لەبەر لەدەست نەدانی شوێنەکانیان نایانەوێ قسە لە قسەی بەرپرسە حیزبیەکاندا بکەن کە هیچ زانستێکی سەربازییان نەخوێندوە و کراون بە لێپرسراویان؟ لە هەردوو حاڵەتەکەدا سکانداڵێکی گەورەیە.

لەڕویەکی تریشەوە، پیشاندانی هێزی دوژمن بەو گەورەییە کە لەڕاستیا وانیە، کاریگەری نەرێنی لەسەر دەرونی خەڵک و هێزەچەکدارەکان دروست دەکات. بێگومان نابێ نە هێزی دوژمن بەکەم بگیرێ، نە لە قەبارەی خۆشی زیاتر سەیربکرێ. 

09/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر