ئەو نامانەی بۆنی وەفای شاریان لێ دێ!

خالید رەزا
نامەی هەردوو یانەی وەرزشی(سلێمانی و کەمال سەلیم) و وەرزشەوان و وەرزش‌دۆست رەوانشاد، کاک عومەر حەمەکەریم.

ئەم سێ نامەیەی لێرەدا بڵاویان ئەکەمەوە، تەمەنیان لە نێوان ٢٣ بۆ٢٧ ساڵدایە.

ئەم نامانە هی سەردەمێکە، کە نە بیرەنەوت و نە ملیارات دۆلاری بەغدا و نە برایم خەلیل و نە کارگۆ و نە فرۆکەخانەمان هەبو. بەهۆی شەڕی نەگریسی ناوخۆ و گەمارۆی ئابوری نێودەوڵەتی، رژێمی بەعس و هی پارتی لەسەر زۆنی سەوز، دەست‌خرابوە قوڕقوڕاگەمان. بەڵام شەوڕۆژمان خستبوە سەریەک بۆ ئەوەی داهاتی گومرک و ناوخۆ بە باشی کۆبکەینەوە و هیچ نەبێ موچەی موچەخۆرانی زۆنی سەوزی ئەو سەردەمەی پێ بدەین. بە شانازی‌یەوە گەرچی بێ کەموکوڕی نەبو، بەڵامئەرکی سەرشانمان جێبەجێکرد.
لەو نەبونی و قەیرانەدا ئەوەی لە توانامان‌دا بو بۆ پەرەپێدانی وەرزش و هونەر لە شارەکەمان‌دا، کردمان. گرنگی نامەکانیش بۆ من لەوەدایە کاتێک ئەم نامانەم بۆ نێردراوە، نە لەکوردستان بوم نە کاربەدەست‌یش بوم، تا لێکدانەوەی تری بۆ بکرێ.
دیلان گوتەنی: "کە نەتەوەم گەیشتە دوا مەبەستینامەی کردار،هەرچ کەس درایە دەستی".

نامەکان گەورەترین خەڵات و جوانترین مەدالیا و یادەوەریە بۆ منی دورە وڵات. هەر ئەم پێزانینەشمە، کە هانی داوم بیانپارێزم و لێرەدا بڵاویان بکەمەوە.

بێگومان لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا، هۆیەکانی پێوەندی وەکو ئێستە نە بو، یان لە رێی فاکس یان ئەبو کەسێک هەبێ بەدەستی نامە و پەیامەکان ئاڵوگۆڕ پێ بکا. لە ئێستەیش‌دا نامەی دەست‌وخەتم لە هەزاران نامەی ئەلیکترۆنی لا جوانترو بە هەست‌ترە.
کاتێ لەم وڵاتەشم هەمیشەدڵم لای نیشتمان و شارەکەم بوە. ساڵی ٢٠٠٤ کاتێک لە بەشی رێگاوبانی کۆمپانیای "باڵاست نەیدام" کاری تەندەرکردن و پلانکردنم ئەکرد. بەشی بیناسازی کۆمپانیاکە پرۆژەی دروستکردنی ستادیۆمی تیپی تۆپی پێی شاری لاها (ADODen Haag)ی لە تەندەرین‌دا بۆ دەرچو. بەهەلم زانی داوا لە بەڕیوەبەرەکەمان بکەم تەواوی دیزاین و نەخشە و پرزەنتەیشن لەسەر(CD)یاریگاکەم بداتێ، بەو نیەتەی هەمان دیزاین بۆ یانەی وەرزشی سلێمانی دروست بکرێ. لەماوەی دو رۆژدا هەمویان بۆ ئامادەکردم. لەکارتۆنی گەورەدا پێچامەوە و بە ڕەوانشاد، پێشمەرگەی دێرین کاک نوری حاجی عەلی (نوری زەرەنگەر) کە بە سەیارە سەفەری ئەکرد، ناردمەوە بۆ پورزای خۆشەویستم،کاک ئاکۆمحەمەد وەهبی. ئەویش لەگەڵ ئەندازیاری تەلارساز، کاک شیخ عومەر مەحوی، کە ئەوکاتە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بو، قسەیکردبو. پێکەوە بردبویان بۆ ئەندازیاریبەڕێز،کاک ئاسۆئیسماعیلڕەشانی، کە سەرۆکی دەزگای پرۆژە تایبەتی‌یەکان بو، چونکە بودجە و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئەو جۆرە پرۆژانە لای جەنابیان بو. لە گەڕانەوشم دا بۆ سلێمانی لەگەڵ کاک ئاکۆ بە مەبەستی سۆراغی دروستکردنی پڕۆژەکە سەردانی کاک ئاسۆ ڕەشانیمانکرد.بەداخەوە وەڵامێکی (ئەرێنی)م دەست نەکەوت.

دیزاینی یاریگاکە:بریتی بو لە شوێنی١٥هەزار کورسی وتەواوی  ئیدارە و مشتەمەلات و کافتریاو هۆڵی کۆبونەوە و...، ئەمە بێجگە لە پارکینی ٧٠٠ سەیارە. تێچویسەرجەم ئەم پڕۆژەیە (٢٧) بیستوحەوت ملیۆن یۆرۆ بو. ساڵی ٢٠٠٧ تەواوکرا، منیش بۆ کردنەوەی یاریگاکەداوەتکرام و لە رێوڕەسمێکی گەورەدا کرایەوە.

شایەنی ئاماژە پێکردنە کە:تێچوی دروستکردنی دیزاینەکە لەسەر کۆمپانیەکەمان بڕی ١٢٥ سەدوبیستوپێنج هەزار یۆرۆکەوت بو. من بە تەکلیفی شەخسی و بە سوپاسێک لە رێێ بەڕێوەبەرەکەمانەوە وەرم گرتبو. بەداخەوە، لەلایەن دەزگای پرۆژە تایبەتی‌یەکانەوە پشتگوێخرا و دروست نەکرا. بێگومان ئەگەر دروستبکرایە خزمەتێکی گەورەی بەبواری وەرزشی تۆپی پێی لە شارەکەمان‌دا ئەکرد.

ئەو خزمەتە بچکۆلەیەی ئێمە هی سەرەتا و ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووە.

لە ناوەڕاستی ساڵی ٩٦یشەوە، وا ٢٧ ساڵە لە نیشتمانی دوەمم، کە هۆڵەندایە نیشتەجێم.

لێرەوە سڵاو ئەنێرم بۆ رۆحی پاکی هاوڕێی جوانەمەرگ، کاک عومەر حەمەکەریم.هەروەها سڵاو ئەنێرم بۆ دەستەی بەڕێوەبەری هەردو یانەی وەرزشی سلێمانی و کەمال سەلیم  و تەواوی هاورێیان و وەرزشەوانان.

لەگەڵ نامەکان‌دا، وێنەی ئەو یاریگایە دائەنێم، کە دیزاینەکەیم ناردەوە بۆ سلێمانی.

لە کۆتایی‌دا وەکو حەزرەتی نالی ئەنێرم سەلامی دور:
لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی هیجرەتە
دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبور!
ئایا مەقامی روخسەتە لەم بەینە بێمەوە
یا مەسڵەحەت تەوەققوفە تا یەومی نەفخی سور؟
حاڵی بکە بە خوفیە، کە ئەی یاری سەنگ دڵ
نالی لە شەوقی تۆیە ئەنێرێ سەلامی دور.

دێلفت/ هۆڵەندا


03/10/2023



وتارەکانی تری نوسەر