لە پەراوێزی بڕیاری چەک کردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دا !

خالید رەزا

داگیرکەران لەسەر هیچ شتێک لەگەڵ یەکتر کۆک نەبن، لەسەر سەرکوتکردنی کورد و داگیرکردنی کوردستان دژایەتی مافەڕەواکانمان برا و هاوهەڵوێستن.
هێزە کوردستانیەکانیش بەداخەوە لەیەکتر کوشتن دا بێ قسورن!
لەم پێشهاتە غەمگینەدا بە نیگەرانیەوە ئەم بیرەوەریە تاڵانە ئەنوسمە، بەداخەوە هەر چەنددەیەیەک جارێک ئەم تراژیدیایە میلەتەکەمان دوبارە و چەند بارە دەبێتەوە و خەونی گەلەکەمانی تیا دەبێ بەسەراب. یەکێ لە هۆکارە ناوەکیەکانیش ناکۆکی و خۆخۆری نێو خۆمانە. 
(١)
ئەو ڕۆژەی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق- ئێران وەستا، ئێمە لەگەڵ کاک نەوشیروان دا بوین، لەسەر دودندی قەندیل خەیمەمان هەڵدابوو. هەردوو داگیر کەرەکە هەشت ساڵ بوویەکتریان ئەکوشت، لە چرکەساتی شەڕوەستانی نێوانیاندا و لە هەمان ڕۆژی ٨ ی ٨ ی ٩٨٨ دا، ڕەوە فڕۆکەیەکی ئاخوندەکانی ئێران بەسەر سەرماندا زۆر بەنزمی فڕین و بارەگای سەرەکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) یان لە گوندی بۆڵێ بە خەستی بۆردومان کرد.!
(٢)
جەنگی هەشت ساڵەی نیوان عێراق و ئێران بەپێێ بریاری ٥٩٨ ی ئەنجومەنی ئاسایش و رەزامەندی هەردو وڵات کۆتایی هات. بەڵام مەتنی ڕێکەوتنی نێوانیان جێ بەجێ نەکرا و هەردوولایان متمانەیان بەیەکتر نەبوو، هەنگاوی سەرەتایی گۆڕینەوەی بەشێک لە  دیلەکانی نێوانیان بوو.
کاتێک صدام حسین لە ٢ ی ٨ ی ١٩٩٠ دا وڵاتی کوەیتی داگیر کرد، ئێران یەکێ بوو لەو دەوڵەتانەی کە ئیدانەی غەزوەکەی کرد و داوای کشانەوەی عێراق ی لە کوەیت کرد. لەدوای داگیر کاریەکە، دروست لە ڕۆژی ١٠ ی ٩ ی ساڵی ١٩٩٠ دا، گارق عزیز وەزیری دەرەوەی عێرا ق و جێگری صدام حسین بەسەرۆکایەتی وەفدێک گەیشتە تاران و لەگەڵ هاشمی رەفسەنجانی سەرۆک کۆمار و عەلی ئەکبەر ویلایەتی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبونەوەیەکی دوو ڕۆژی دا ڕێکەوتن کە سەفارەتی وڵاتەکانیان لای یەکتر بکەنەوە. لەڕوی ئەمنیشەوە لێک تێگەیشتنیان ئیمزاکردبوو. یەکێ لەوانە لەسەر لاشەی کورد و دۆزە ڕەواکەی بوو. وا ڕێک کەوتبوون عێراق ‌حیزب و پێشمەرگەکانی  ڕۆژهەڵات لە چەک دابماڵێ و بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق ڕایانبگوازێ و بیانخاتە ئۆردوگای زۆرە ملێوە.
ئێرانیش پێشمەرگەی حیزبەکانی باشور لەچەک دابماڵێ و لەسنور دوریان بخاتەوە و بیان بات بۆ قوڵایی ئێران و ناوچەی مازندەران، لەوێ لە ئۆردوگای زۆر ملێ دا کۆیان بکاتەوە. لەو پیلانەش دا بەحوکمی ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەورەترین هێزی پێشمەرگە  و ڕێکخستنی هەبوو لەچاو لایەنەکانی تردا بەتایبەت پارتی کە چەندین ساڵ بوو لە ئێران جێگیر بوبون، یەکەم زەرەرمەند و نێچیرە گەورەکە بوو. لەم کەینوبەینەدا   سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کاک نەوشیروان ئەم هەواڵەیان پێ گەیشتبوو، لەم کاتەش دا زیاتر لە مانگێک بوو بەرنامە و پلانی ڕاپەرین داڕێژرابوو، میکانیزم و پێداویستی جێ بەجێکردنیشی لە سازدانی هێزی پێشمەرگە، بەهێز کردنی ڕەتڵی پارتیزانەکان، پێشتریش دروستکردنی ناوکی سپای ڕزگاری کوردستان (سرک) و ڕێکخستنەکانی ناوخۆ، ساز و ئامادە کرابون.  بۆیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم پیلانە ڕێوشوێنی ئەوە گیرایە بەر کە هێزەکان بۆ هەر ئەگەرێکی لەوجۆرە ساز و ئامادە بن و زۆربەی هێزەکان خرانە دیوی کوردستان، تا ئەگەر ئێران بەتەمای کارێکی وەها بێ و ویستی پیلانەکەی جێ بەجێ بکات کەمترین زیانمان بەر بکەوێ. دەزگای جیهازی مەرکەزی کە بەندەش یەکێ لەوان بووم ئاگادار کراین کە هەموو جفرە و دەفتەری بروسکەکان جیهازی ئیحتیایت کۆ بکەینەوە و ئامادە بین بۆ هەر ڕوداوێک. خۆشبەختانە ڕووداوەکانی جەنگی کەندا و بەخێرایی دەگۆڕان هەردوو وڵات بەتایبەتی عێراق نەی دەپەرژایە سەرخۆی، ئەوەبو لەگەڵ زیاد بونی فشارە نێودەوڵەتیەکان دەستی بە کشانەوەی هێزە سەربازیەکانی خۆی کرد لە سنورەکانی کوردستان بۆ ناوەڕاست و خواری عێراق. ئێرانیش خوازیاری ڕوخانی عێراق بوو تا تۆڵەی ٨ ساڵی جەنگەکەی لێبکاتەوە، بۆیە نەیانتوانی ئەو پیلانە گڵاوەیان لەو کاتەدا جێبەجێ بکەن. پێشتریش هەردوو دەوڵەت  لە ڕێکەوتنی نیوان شای ئیران و صدام حسین دا لە مانگی مارتی ساڵی ١٩٧٥ دا ئاشبەتاڵ بە شۆڕشی چواردە ساڵەی ئەیلول کرا. بەداخەوە وا ئێستە هەردوو دەوڵەتی داگیر کەر هەمان پیلان دژ بە پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات و بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکەن. ڕەنگە بە ئازار ترین ڕوداوێک لەم پیلانگێریەدا ئەوەبێ کە هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان بە هێزی هاوبەش و میلیشیای حیزبەکانەوە، بەشدار بن لە چەک کردنی پێشمەرگەکانی ڕۆژ هەڵات دا کە خوازیاری ئەوەم ئەمە هەرگیز ڕوونەدات و جارێکی تر کورد و هێزە چەکدارەکانی پارچەکان دەستیان نەچێتە خوێنی یەکتر. ئەگەر جاران رژێمی ئاخوندەکانی ئیران و رژێمی بەعسی صدامی دوو دەوڵەت و دوو دیدگا و دوو ستراتیژی دوو ناوەندی بڕیاری جیاوازیان هەبوبێ، ئەوا لە ئێستەدا بەغدا لە تارانەوە و حوکم دەکرێ بۆیە مەترسیەکە لە ئێستەدا لەسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات  پڕ مەترسی ترو پڕ ئاڵەنگاری ترە. مەگەر ڕوداوێکی گەورە لە ناوچەکە ڕوبدات و ئەم پیلانەش سەرنگەرێ. 
لەمەش ناخۆشتر ئەوەیە ئەگەر جاران وەزیرانی دەرەوەی ئیران و عێراق عەلی ئەکبەر ولایەتی بەرەگەز فارس و گارق عزیزی بەرەگەز عەرەب بوبێ، لە ئێستەدا وەزیری دەرەوەی عێراقی فیدراڵ فوئاد حسێن  بە ڕەچەڵەک کوردە ئەو ئیمزا لەسەر ئەم ڕێکەوتنە دەکات. لەو لاشەوە رژێمی فاشیستی تورک خاکی کوردان لە ڕۆژئاوا و لە باشور بە تورەکە ئەبێژێ. وەزیری دەرەوەی ئەو رژێمە تۆتالیتارەش هاکان فیدان بە ڕەچەڵەک کوردە !
وەک لەسەرەتاوە ئاماژەم پێداوە لە چرکەساتی ڕاگەیاندنی وەستانی جەنگی هەشت ساڵەدا، ئێران بۆردومانی بارەگای سەرەکی دیمۆکراتی کرد، کەچی هەمان دەوڵەت لەکاتی ڕاپەڕین دا پەیامیان بۆ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ناردوە ئەگەر بێتو دیمۆکرات و کۆمەڵە بەشداری ڕاپەڕین و گرتنی کەرکوک بکەن ئەوا ئامادەن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵیان دا:
لە/ کاک دانا 
بۆ/بەڕێز کاک نەوشیروان
مەسئولینی سەرەوە لە لای خزمانەوە ئەڵێن ئەگەر ئامۆزاکانمان هەردوکیان یارمەتیتان بدەن لە گرتنی شوێنەکان و کەرکوک ئەوا لە لای ئێمەوە عیلاقات پەیدا ئەبێ لەگەڵیان.***

ئەڵبەت بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وا باشترە تەگبیری خۆیان بکەن، ئەگەر بڕوایان بە خەباتی چەکداری ماوە هەوڵ بدەن جێ پێێ خۆیان لە ڕۆژهەڵات و لە قەندیل قایم بکەن تا هەمویان وەکو دیلی جەنگ لە ئۆردوگای زۆرە ملێ دا زیندانی نەکرێن. 
داگیرکەران هەمیشە بۆ لەناو بردنی گەلی ئێمە یەک و یەکگرتوون، گەلۆ بۆ نابێ کوردیش  ئەگەر بۆ جارێکیش بووە پەند لە داگیرکەران وەربگرێ و لە ناوخۆماندا دژ بە داگیرکەران یەک و یەکگرتوو بین؟ 
 شەرەفخانی بەتلیسی بەداخێکی قوڵەوە لە پێشەکی کتێبە بەنرخەکەیدا نوسیوێتی: (( کورد زاووزێ زۆر ئەکەن و مناڵیان زۆر لێ ئەکەوێتەوە ئەگەر یەکترییان نەکوشتایە ئەوەندە زۆر ئەبون قاتووقڕییان ئەخستە مەملەکەتی ئێران بەڵکو هەمو دنیاوە. ویفعل اڵلە مایشا‌و ویحکم مایرد)).* 
دیارە شەرەفخان خۆی نەیتوانیوە هۆیەکی ژیرانە و بەجێ بۆ ئەم دەردی خۆ کوژیە  بدۆزێتەوە، لەبەر ئەوە پەنای بردۆتە بەر ئەفسانەی هەڵبەستراو، شەرەفخان لە زمانی ( خواجا سەعدەدین ) ی مێژونوسی تورکەوە ئەگێڕێتەوە: (( لە سەرەتای دەعوەتی ئیسلامی دا تاقمێ کورد ئەچن بۆ لای پێغەمبەر تا لە سەردەستی ئەودا موسوڵمان ببن، سەروسەکوت و قەڵافەتیان ئەوەندە دزێو و سامناک ئەبێ، پێغمبەر سامیان لێ ئەکا، کە ئەڕۆن پێغەمبەر ئەپرسێ: ئەمانە چ قەومێ بون؟ ئەڵێن: کورد. پێغەمبەریش دوعایان لێ ئەکا هەرگیز یەک نەگرن و هەمیشە لە ناو خۆیان دا ناکۆک بن، چونکە یەک بگرن هەمو دنیا ئەخەنە زاڵە! ))**
------------------------
* میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەم دا، نەوشیروان مستەفا
**  هەمان سەرچاوە.
*** تۆڕی پەیوەندەییەکانی پێشمەرگە لەشاخ، ئامادە کردنی بەختیار مستەفا ئەمین و خالید حسین ئەحمەد لاپەرە ٦١٩
خزمان: مەبەست لە ئێرانیەکانە
ئامۆزاکانمان: مەبەست حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێرانە.


16/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر