بارزانی باوکی دامەزرێنەرە؟

ئاسۆ حاجی

لە ئەدەبیاتی سیاسی حیزبەکان چ دەگوترێت، جیاوازە لەوەی مێژوو چ دەڵێت، ئەدەبیاتی حیزب گوتارێکی تێکەڵ بە پڕوپاگەندەیە و هەرکەسە و شانازی و سەرکەوتنەکان بۆ خۆی دەکێشێ، مێژووش تۆماری رووداوەکان و رۆڵی کەسایەتیەکان دەکات لە ناو رووداوەکاندا، سەبارەی بە راپەڕینی گەلی کوردستان لە بەهاری ١٩٩١ دا، هەموو حیزب و سەرکردەی حیزبەکان رۆڵیان هەبووە و پێکەوە کاریان کردووە، هەمووشیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەو راپەڕینە بەرهەمی جەماوەری راپەڕیوی کوردستانە، بەڵام ئەوەی حیزب و سەرکردەکانیان لە یەکتر جیا دەکاتەوە گوتار و دونیابینیانە لە رۆژەکانی راپەڕیندا.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە گوتار و دەربڕینی بۆچوونی سیاسیدا لە رۆژانی راپەڕین جیاواز بوو لەوانەی دیکە، خۆشبەختانە گوتارەکانی لە ناو جەماوەری راپەڕیوی کوردستان تۆمار کراون و بەشێکی زیندوو لەو مێژووە پێکدەهێنن، لەو گوتارانەیدا سەرۆک بارزانی داوای ئەنجامدانی هەڵبژرادن و دامەزراندنی دامەزراوەی نیشتیمانی دەکات، کە ببنە ئەلتەرناتیڤی بەرەی کوردستانی و لە رێگەیانەوە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی لە حیزبەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ دامەزراوە نیشتیمانیەکان، بۆیەشە سەرۆک مەسعود بارزانی وەک باوکی دامەزرێنەری قەوارەی دەستوری و نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستان هەژمار دەکرێ.
لە دوای روخانی دیکتاتۆریەت و لە کاتی نووسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێڕاق، سەرۆک بارزانی پێداگری لەوە کرد کە دەبێت هەرێمی فیدڕالی و قەوارەی سیاسی کوردستان لە سەر بنەمای نەتەوەیی و نیشتیمانی بێت و وەڵام دەرەوەی داخوازی و مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی گەڵی کوردستان بێت، هەر سەرۆک بارزانیش بوو رێگر بوو لە چەسپاندنی فیدڕالەتی پارێزگاکان کە هەوڵێک بوو بۆ لەبار بردنی جێگرتنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستان لە ناو دەستوردا.
دوای تێپەڕبوونی سی و دوو ساڵ بەسەر راپەڕین، ئەو مێژوو و راستەقینەیە خۆی دووبارە دەکاتەوە، کە بارزانی و رێبازەکەی هێشتا دەستیان بەهەمان گوتار و بۆچوونەوە گرتووە، هێشتا کار بۆ بەهێزتر کردنی دامەزراوە نیشتیمانیەکانی کوردستان دەکەن و باوەڕیان نەگۆڕە بەوەی پێویستە لە رێگای هەڵبژاردن و دەنگ و متمانەی خەڵکەوە دەسەڵات ئاڵوگۆڕ بکرێ، رێگە نەدرێت هیچ لایەنێک لە ترسی دۆڕان پەنا بۆ دروشم و گوتاری پێش راپەڕین بباتەوە، کە ناتوانێت گوزارشت لە ئێستا کوردستان و داخوازییە سەردەمیەکانی خەڵک بکەن، کە چاویان لە بەرەوپێشبردن و چاکترکردنی حوکمڕانی هەیە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکەکەی بە هەموو تواناییانەوە هەوڵی بۆ دەدەن، لە رێگای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و گەشەپێدان و باشتر سوود وەرگرتن لە سەرچاوە سروشتیەکانی کوردستان، کە ببنە مایەی دابین کردنی ژیان و ئایندەیەکی باشتر بۆ کوردستان و خەڵکەکەی.
هەموو ئەو راستیانە دوور لە گوتاری حیزبی و پڕوپاگەندەی میدیایی، یەک راستەقینە دووبارە دەکاتەوە کە سەرۆک مەسعود بارزانی باوکی دامەزرێنەر و پێشمەرگەی پاراستنی ئەو قەوارە دەستورییەیە کە بەرهەمی خەباتی زیاتر لە سەت ساڵ تێکۆشانی خەڵکی کوردستانە.

06/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر