ستراتیژیەتی پشت هێرشی دڕۆنەکان

ئاسۆ حاجی

تاکە هەرێمێک کە ملکەچی ئێران نییە هەولێر و دهۆکن، ئێران هەموو جۆرە گوشارێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی هەولێر ناچار بکات ملکەچی داواکارییەکانی بێت و ببێتە بەشێک لە ستراتیژیەتەکەی.

ئێستا ستراتیجی ئێران لە دژی کوردستان بەم شێوەیەیە:

-حکومەتی عێراق بۆ بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەران بەکاری دەهێنێت، بەو شێوەیەش هانی زیاتری فراوان بوونی ناڕەزایەتیەکان دەدات بە تایبەتی لە سنووری سلێمانی، کە حیزبی حوکمڕانی ئەو دەڤەرە بەشێکە لە قووڵکردنەوەی کێشەکان و هاندانی خەڵک لە دژی حکومەتی کوردستان و لە بەرژەوەندی کوردستان. 

- میلیشیاکانی هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئامانجی تۆقاندن و دروستکردنی جۆرێک لە ناسەقامگیری ئەمنی و دەروونی بەکاردەهێنن. 

- ئێران بۆ دەرکردنی بڕیاری نادەستووری کە ناکۆکن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، لە دادگای باڵا کەڵک وەردەگرێت، هەروەها لە لایەنە کوردییەکانی دڵسۆز بۆی کەڵک وەردەگرێت. بەتایبەت یەکێتی نیشتمانپەروەری کوردستان، بۆ لاوازکردنی حکومەتی کوردستان.

- لە ڕێگەی دادگای باڵا، بڕیاری داوە هەڵبژاردنی کوردستان بۆ مانگی ئایاری داهاتوو دوابخرێت. لە ڕێگای بە نادەستووری ناساندنی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانپەروەری کوردستانە کە بەشێکە لە ستراتیژیەتی ئێران، واتە دابەشکردنی کوردستان بۆ سێ چوار بازنەی هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسی پشکی مەسیحی و تورکمان لەنێوان هەولێر و سلێمانی.
-قۆستنەوەی لاوازی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ڕووننەبوونەوەی ستراتیژی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ هێرشکردنە سەر ئەو کەسانەی کە ئێران بە هاوپەیمانی ئەمریکا دەزانێت.

ئێران بە هێرشکردنە سەر  کوردستان، هەوڵدەدات سەرنجی خەڵکی ئێران و موسڵمانان لە سەر لاوازی خۆی لە بەرامبەر ئیسرائیل لابدات. 

- چیدیکە هاوپەیمانەکانی گلەیی لە بێ هەڵوێستی ئێران نەکەن، کە فەلەستینییەکان (حەماس) بە تەنیا لە بەرەکانی شەڕدا بهێڵێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەکی کردەیی و سەربازی بەرامبەر داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە هەبێت، هەروەها ئێران توانای بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل نییە بە کوشتنی سەرکردەکانی و هێرشکردنە سەر هێزەکانی لە سوریا.

- ئێران هەوڵدەدات حکومەتی کوردستان و بەهێزترین لایەنی ناو حکومەت (پارتی دیموکراتی کوردستان) وەک لاواز پیشانی خەڵکی کوردستان بدات، بەتایبەت کە لە هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، بە مەبەستی کاریگەری دروست کردن لە سەر دەروونی دەنگدەران و ئاراستەکردنیان بۆ ئەو لایەنەی کە دۆستی ئێرانە، پەیامەکەش ئەوەیە کە ئەو لایەنە دەتوانێت لە هێرشەکانی ئێران و میلیشیاکانی بتانپارێزێ.


01/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر