مێژووی سەرۆک

ئاسۆ حاجی
بە بۆچوونی من، جیاوازی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ سیاسیەکانی دیکەی کوردستان و ناوچەکە، دەکرێ لە خاڵێکدا کۆی بکەینەوە، سەرۆک بارزانی لە یەک کاتدا زادەی مێژوو و دروستکەری مێژووشە، زادەی مێژووی بیر و فەلسەفەی کوردایەتیە، کە بە هەموو وشە و چەمک و تێگەکانی، لە مێژوو و گیانفیدایی و شکۆ و مەزنی پێشمەرگەدا کۆبۆتەوە، دروستکەری مێژووێکیشە کە لە هەستانەوە و بەهێزبوونەوەی بیر و باوەڕی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە دەست پێدەکات، لە دوای ژمارەیەک کارەسات و نسکۆ، لە نسکۆ شۆڕشی ئەیلول و ئاوارە بوونەوە بگرە، تا دەست پێکردنی پڕۆسەی ئەنفال، لە کوردانی فەیلییەوە تا بە گەرمیان و بارزان دەگات، لە کیمیاباران کردنی خۆشناوەتی و دۆڵی جافایەتی و هەلەبجەی شەهیدەوە بگرە، تا سووتاندن و خاپورکردنی هەزاران شار و گوندی کوردستان، لە دوای ئەو مێژووە، کەدوژمن و داگیرکەران چاوەڕوان بوون، نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان جارێکی دیکە نەتوانن سەر بڵند بکەن و داوای مافەکانیان بکەنەوە، سەرۆک بارزانی بە ڕابەرایەتی کردنی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی خەڵکی کوردستان، دواتریش سەرخستنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، ئەو دوو ڕووداوە ئەو مێژووەیان هەڵگێڕایەوە و بۆیەکەمین جار، گەلی کوردستان بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی ئیرادەیان بەسەر ئیرادەی داگیرکەران سەرکەوت، سەرۆک بارزانی وەک نوێکەرەوەی ڕێباز و دامەزرێنەری قوتابخانەی کوردایەتی نوێ کە قوتانخانەی خۆنەچەماندنە، ڕابەرایەتی ئەو قۆناغەی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان دەکات.
ئەو دوو مێژووە، بە هەموو لێکەوتەکانی، بە هەموو هەوراز و نشێوەکانی، لە ڕابەرانی دامەزرێنەرانی بیر و فەلسەفە و ڕێبازی کوردایەتی، لە شێخ عەبدولسەلام و مستەفا بارزانیەوە تا بە سەرۆک مەسعود بارزنی دەگات، یەک دروشم ناونیشانی هەوڵ و تێکۆشان و ئامانجیان بووە، ئەویش دروشمی:”کوردستان یان نەمان”ە. بۆیە ئەو کە کوردستان لە بەرامبەر هەڕەشەی نەمان بێت، ئەوە هەموو ڕۆڵەیەکی دڵسۆز و بەشەڕەف، نەمانی خۆی بە پێش نەمانی دایکی نیشتیمان دەخات، کوردستان بۆ دوژمنان دەکاتە هێلی سوور و هێلی مەرگ.

13/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر