رێککەوتن چی ئاشکرا کرد ؟

ئاسۆ حاجی

رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری دایەوە و کۆمەڵێک گومانی ڕەواندەوە، کە بۆ ماوەی دە ساڵە، بە مەبەستی دژایەتی کردنی قەوارەی دەستوری کوردستان، کراوەتە بەشێکی کاریگەری گوتار و ئەجێندای میدیایی، لە هەموویان گرنگتر وەڵامی ئەو سێ پرسیارە درایەوە و لە رێگەیەوە رووی راستەقینەی ئەو لایەنە سیاسیە پتر ئاشکرا بوو کە میدیای فەرمی و سێبەری خۆی بەو ئاراستەیە هاندەدا.
یەکەم، ئاشکرا بوو، کە رێککەوتنی پەنجا ساڵەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە فرۆشتنی پێشوەختەی نەوت بە تورکیا و کۆنتڕۆلکردنی نەوت و سامانی سروشتی کوردستان لەلایەن تورکیاوە تەنها درۆییەکی میدیایی بوو، کە لایەنێکی سیاسی بۆ بەرژەوەندی و لە ژێر کاریگەری ئەجێنداییەکی ئیقلیمی کردبوویە بەشێک لە کارنامەی خۆی لە دژایەتی کردنی قەوارەی دەستوری و سیاسی کوردستان.
دووەم، بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس ئەوە سەلمێندرا، کە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو دەستوریە. چونکە ئەو دادگایە بە پشت بەستن بە رێکەوتنێکی پەنجا ساڵ پێش ئێستا (١٩٧٣) بە بۆڕی  تایبەت بە بۆڕی نەوتی عێڕاق تورکیا بڕیارەکەی داوە، نەک بە پشت بەستن بە مادە و بڕگەکانی دەستوری هەمیشەیی عێڕاقی فیدڕال.
سێیەم، کە دەگوترا حکومەتی کوردستان نایەوێت لەگەڵ بەغدا پێک بێت راست نەبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری رێککەوتن بووە، بەڵام حکومەتەکانی عێڕاق، لە جیاتی رێکەوتن فشاریان دەکرد کوردستان رادەست کردن قبوڵبکات، بۆ ئەو کارەش هەموو کارتێکیان بەکارهێنا، لە تەنازولکردن بۆ وڵاتانی ئیقلیمی بە تایبەتی تورکیا، لە هەموارکردنەوەی رێککەوتنی مافی سنووربەزاندن لەلایەن تورکیاوە، وەک حکومەتی تورکیا دەیەوێت، لە سەردەمی مالیکی و دواتریش عەبادی دا. هەروەها پاڵپشتی کردنی لایەنێکی کوردستانی لەلایەن هێزە سیاسییە شیعەکانەوە بە تایبەتی ئەوانی سەر بە ئێرانن، بۆ ئەوەی لە ناوخۆدا هەرێمی کوردستان بێهێز بکەن، تا لە ئەنجامدا ناچاری خۆڕادەست کردنی بکەن.

06/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر