دەربارەی مووچەی مووچەخۆران داوایەک لە حکومەت دەکرێت

لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان داوادەکات پڕۆژەیاسای بودجە هەرێم بەگوێرەی ئەو داهاتەی هەرێمی كوردستان بێت كە كۆی دەكاتەوە و ئەولەویەت بدرێت بەچۆنیەتیی چارەسەركردنی مووچەی مووچەخۆران.   


دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێ شەممەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ناردنی پڕۆژه‌ یاسای بودجەی هه‌رێم بۆ ساڵی ٢٠٢١ بۆ پەرلەمانی كوردستان، راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە " پێویستە پڕۆژەیاسای بودجە بەگوێرەی ئەو داهاتەی هەرێمی كوردستان بێت كە كۆی دەكاتەوە و بەشێوەیەكی شەفاف لەنێو پڕۆژەیاساكه‌ دیاری بكرێت و بەدادپەروەرانە لەنێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا دابەش بكرێت و ئەولەویەت بدرێت بەچۆنیەتیی چارەسەركردنی مووچەی مووچەخۆران."  



لە راگەیاندنەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو "لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی بۆ پەرلەمان دوای حەوت ساڵ، بەهەنگاوێكی گرنگ زانی كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ شەفافیەت لەداهات و خەرجی لای پەرلەمان و رای گشتی روونتر ده‌بێت، هەروەها پەرلەمانیش لەرێگەیی لیژنەكانییەوە دەتوانێت زیاتر كاری بەدواداچوون بكات".

 
تا ئێستا روون نییە حکومەتی هەرێم لەسەر کام ستراتیژ بودجە دادەڕێژێت، لەکاتی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا تەواو جیاوازە لەپشت بەستن بە داهاتی هەرێم خۆی. 

 


PM:08:20:02/02/2021