یەکێتی‌و گۆڕان‌و کۆمەڵ‌و یەکگرتوو دەنگیان بە ئۆمێد خۆشناو نەدا بۆ بوون بە پارێزگاری هەولێر

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کە ئەمڕۆ دووشەممە سازکرا، یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی کرد، بەڵام ئامادە نەبوو دەنگ بە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی پارێزگا ئومێد خۆشناو بدات، هەروەها گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.

لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە ئامادەبوونی میدیاکان هەڵبژاردنی پارێزگار بەڕێوەچوو کە سێ کاندید خۆیان کاندیدکردبوو بە هێزترینشیان ئومێد خۆشناو کاندیدی پارتی بوو کە توانی لەو ٣٠ ئەندامەی ئەنجومەن کە ٢٣ ئەندامیان بەشداربوو ١٨ دەنگی پارتییەکان و پێکهاتەکان و ئەندامێکی یەکێتی بەدەست بهێنێت کە دەستبەرداری فراکسیۆنەکەی بووە، بەرامبەر ئەوەش ١٢ ئەندام دەنگی پێ نەدا.

نزیکەی سێ مانگە فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر کۆچی دوایی کردووە، ئەمڕۆش ئومێد خۆشناو وەک ٤٢ هـەمین پارێزگاری هەولێر بە دەنگی ١٨ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا لە کۆی ٢٣ ئەندامی بەشداربوو.

 

دەنگنەدانی یەکێتی کە ٥ کورسیان هەیە دەگەڕێتەوە بۆ پیادەنەکردنی تەوافەق وەک ئاماژەی بۆ دەکەن، هەرچی فراکسیۆنی گۆڕانە کە ٤ ئەندامیان هەیە بەشداری نەکردنیان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە بەپێی رێککەوتنی گۆڕان و پارتی دەبوایە ژمارەیەک پۆست لەسەر ئاستی پارێزگاکە بدرێت بە گۆڕان، بەڵام جێبەجێینەکردووە.

 

هەرچی کۆمەڵی ئیسلامی کە ٢ کورسی هەیەو، یەکگرتووش یەک کورسی وەک ئۆپۆزسیۆن رەتیان کردەوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن.

 

ئومێد خۆشناو دوای هەڵبژاردن بە پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە "کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەم."

 
 
پارێزگاری هەلوێر بڕیاری داوە دوای دەستبەکاربوونی وەک پارێزگار سەردانی ئارامگەی د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر بکات.



PM:12:43:08/02/2021