شەڕ لە گارە بە قورسی بەردەوامە
" هەپەگە فڕۆکە بێ فڕۆکەوان بە کاردەهێنێت "

لەشکركێشی تورکیا بۆ سەر چیای گارە فراوان بووە، بەڵام هەپەگە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە سووپای تورکیا نەیتوانیووە هیچ پێشڕەویەک بکات، هەروەها ئاشکرای دەکەن کە گەریلا بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردۆتە سەر سوپای تورکیا.

 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هێزەکانی پاراستنی گەل ( هەپەگە ) بە ماڵپەڕی سپی، راگەیاند" رۆژی ١٢ی شوبات جارێکی تر سووپای تورکیا دەیەوێت هێزە لە ناوچەی گوندی " سیانێ " دابەزێنێت، بەڵام گەریلا رووبەڕوویان دەبنەوە و ناچار ناوچەکە چۆڵ دەکەن".

 
دوانیوەرۆ ١٢ی شوبات، تورکیا لەشکركێشی خۆی بەرفراوان دەکات و بۆردومانی ناوچەکانی ( چێلکاو کانی بورهان و دەشتی کافێ ) دەکات.( وەک سەرچاوەکەی هەپەگە رایگەیاندووە ).

 
هەر هەمان رۆژ، ١٢ی شوبات کۆپتەرەکانی تورکیا هێز دەگوازنەوە بۆ ناوچەی گوندەکانی سیانی و چێلکا، بەڵام گەریلاکانی پەکەکە دێنە دەست لێیان و چەند سەربازێکی تورکیا دەکوژن، دواتر لە ژێر زەبری هێرشی ئاسمانیدا وەک سەرچاوەکەی هەپەگە دەڵێت " تورکیا تەرمی کوژراوەکانی و سەربازەکانی گواستۆتەوەو لە ناوچەکە دووری خستوونەتەوە".

 
هەمان شەو هێزەکانی تورکیا کاتژمێر ١٠:٢٠ هەوڵی دابەزاندنی هێز لە ناوچەی سیانێ دەدەن، بەڵام سەرکەوتوو نابن.

 
سەرچاوەکەی هەپەگە، رایگەیاند لە بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ شەڕ، رۆژی ١٢ی شوبات کاتژمێر ٢:٣٠ی پاشنیوەڕۆ ( هێزی پاراستنی هەوایی شەهید دەلال ئاماد) کە هێزێکە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەشەڕەکاندا بەکاردەهێنێت، هێرشێکی ئاسمانی لە ناوچەی سیانێ دەکەنە سەر ئەو هێزەی سووپای تورکیا کە دایبەزاندوون لەو ناوچەیەو زیانێکی گیانی بەرچاو لەو هێزە دەدەن، بەڵام تا ئێستا بەهۆی قورسی شەڕەکەوە زیانەکان نەزانراون. 



ئەمڕۆش ١٣ ی شوبات وەک سەرچاوەکەی هەپەگە رایگەیاند فڕۆکەکانی تورکیا بە دەیان جار بۆردومانی ناوچەکانی ( سیانێ، ئەرگەنی، زنجیرە چیای گارە، تەپەی رەشید، تەقەی خەێری، گوندی یەک ماڵی، دەشتی کافێ) کردووەو، شەڕ بەردەوامە.

 


PM:04:41:13/02/2021