وتەبێژی پارتی: گرووپێک لە پەنای حەشددا هێرشی کردووەتە سەر هەولێر

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی هەولێرەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت" ئەوانەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێریان ئەنجام دا گرووپێکی سەرلێشێواوی لەیاسادەرچوو بوونە و لەپەنای حەشدی شەعبی و بە ئیمکانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە هێرشەکەیان کردووە". 

 

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" گروپێكی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شعبی و بە ئیمكانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە، کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی شەوی رابردوو، رێكەوتی ١٥ لەسەر ١٦ـی شوباتی ٢٠٢١، بەمەبەستی تێكدانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی پایتەختی هەرێمی كوردستان، ترسنۆكانە چەند موشەكێكیان ئاراستەی ناوشاری هەولێر كرد، كە بووە هۆی زیانی مرۆیی و ماددی و، نیگەرانکردنی دانیشتوانی سڤیلی هەولێری هۆلاكۆ بەزێن". 

دەشڵێت" ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، وێرای ئیدانەکردنی ئەو كردەوە تیرۆرستیە قێزەونە، داوا  لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەروشیانەوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا دەكەین، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەم كردەوە دوژمنكارانە بەپەلە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن و لایەنی بەرپرسیار بەگوێرەی یاسا بەسزای پێویست بگەیەندرێت. بەداخەوە ئەم كردەوانە بۆ چەندەمین جارە دووبارە دەبنەوە و لە ئاكامی بەسزا نەگەیاندنیان، تاقمە تێکدەرەکان جورئەتی ئەوە پەیدا دەكەن لەسەر كارە تیرۆریستیەكانیان بەردەوام بن". 

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا وتەبێژەکەی پارتی باس لەوەشدەکات، شاراوەنیە و بەڕوونی دەزانین کە عەقلیەتی ئەم جۆرە تاقمە فاشیست و دوور لە هزری سەردەمیانە، چاویان بە پێشكەوتن و ئارامی و خۆش ژیانی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان هەڵنایە و، پێیان قبوڵ ناكرێ‌ پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە كوردستان هەبێت و بەدەست لەپشت دراوی وەكو ئەڵقە لە گوێ‌ ئەوەی پێیان دەگوترێ‌ جێبەجێی دەكەن. 

ڕاشیگەیاندووە" هەموولایەك ئاگاداردەكەینەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، ئاكامی باشی نابێت و عێراق چەندە ناسەقامگیر و لە هەموو بوارەكاندا توشی ئاڵۆزی و تەنگەژە بووە، ئەم كردەوە تیرۆریستیانە زیاتر لە ناسەقامگیری و نائارامی دا نوقمی دەكەن". 

ئاماژە بەوەشدەکات" سەرەڕای پشتیوانی تەواومان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەواوی دام و دەزگا بەرگری و ئەمنییەكان، رایدەگەیەنین کە تەواوی سەركردایەتی و كادیر و ئەندامانمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پایتەختی هەرێم وەك چۆن لە رابردوو شورەی پۆڵاین بووین لەمەودواش لەسەر هەمان رێباز و باوەڕ پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و حكومەت و دانیشتوانەكەی دەكەین". 



PM:04:41:16/02/2021