تورکیا سورە لەسەر کردنەوەی دەروازەیەکی تر لەگەڵ عێراق

بەزەرەری ئابوری و سیاسی و سەربازی کورد، تورکیا سوورە لەسەر کردنەوەی دەروازەیەکی تر لەگەڵ عێراق، بەدەر لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل.

 

وەزیری گواستنەوەی تورکیا، عادل قەرە ئیسماعیل ئۆغلو، سووربوونی تورکیای راگەیاند لەسەر کردنەوەی دەروازەیەکی نوێی سنوری لەگەڵ عێراق.

 

ئەو لێدوانەی وەزیرەکەی تورکیا دوای ئەو سەردانە هات کە پێنج شەممە وەزیری گواستنەوەی عێراق بۆ تورکیا ئەنجامی دابوو، وەک ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا بڵاویکردۆتەوە.

 

وەزیرە تورکییە جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە وڵاتەکەی دەیەوێت پەیوەندییەکی بەهێزی هەبێت لەگەڵ عێراق لە خزمەتی پێشختسنی ژێرخانی ئابوری عێراق.
پێگەی " ئەحوال " کە تایبەتە بە کاروباری تورکیا باس لەوە دەکات ئەو هەنگاوە بۆ تورکیا ئامانجی تریشی بەدەر لە ئابوری هەیەو، ئەگەر تورکیا ئەو دەروازەیە بکاتەوە کار ئاسانییەکی گەورە بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە باکوری عێراق دەکات و ئامانجیش لێی سیاسەتی پاوانخوازی تورکیایە.

 

چاودێرانی کورد پێیانوایە کردنەوەی جۆرە دەروازەیەکی لەو شێوەیە، لەلایەکەوە داهاتی دەروازەکە بەتەواوی کەمدەکاتەوەو ئەو دەمە عێراق خۆی بازرگانی لەگەڵ تورکیا دەکات، نەک لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە، لەرووی سیاسی و سەربازیشەوە باشووری کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان دادەبڕێت و لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان زۆر ئاسان دەکات.

 


AM:09:34:26/02/2021