نێچیرڤان بارزانی: ‌گێڕانه‌وه‌ی ئارامی بۆ عیراق بە‌ رێگه‌چاره‌ی ئاشتیانه‌ی سیاسی دەكرێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزی واشنتن لە بەغدا، رایگەیاند، کە دەبێ " هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی هه‌ست بكه‌ن هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات و پرۆسەی سیاسی وڵاتن".

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 21.6.2014، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە رۆبەرت ستیڤن بیکرۆفت، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کردووە و باسیان لە دوا پەرەسەندنەکانی شەڕی سوپای عێراق و چەکدارانی داعش کردووە و "هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ كێشه‌كانی ئه‌مڕۆی عێراق ده‌رهاوێشته‌ی سیاسه‌ت و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی سیاسین له‌ عێراقدا".

بارزانی و بیکرۆفت هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بە رێگای سیاسی دەبێت و "ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری به‌ ته‌نیا ناتوانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوابووە، کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، "ده‌بێ بیر له‌ ڕێگه‌چاره‌ی ئاشتییانه‌ی سیاسی بكرێته‌وه‌ و ره‌وشێك له‌ عێراقدا دروست ببێت كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی هه‌ست بكه‌ن هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات و پرۆسه‌ی سیاسیی وڵاتن و هیچ پێكهاته‌ و لایه‌نێك خۆی له‌ ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌ و پرۆسه‌ی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتداریدا نه‌دۆزێته‌وه‌".

هەروەها نێچیرڤان بارزانی و رۆبەرت ستیڤن بیکرۆفت "جه‌ختیان له‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی هه‌موو لایه‌نه‌كان و كاری پێكه‌وه‌یی بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر و كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌كان كرده‌وه‌".



PM:02:29:21/06/2014