دوای ونکردنی ڕێگە کۆڵبەرێکی کورد بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستدا

کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی سەڵماسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئەو شارە بەهۆی سەرماوە ڕەقبووەوە و گیانی لەدەستدا.  

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ چوارشەممە کۆڵبەرێکی خەڵکی سەڵماس بە ناوی (فەهیم مامدی قزل کەند) لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئەو شارە بە هۆی سەرماوە گیانی لەدەستدا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەهیم مامدی قزل کەندی، تەمەن ٣٥ ساڵ بە هۆی تاریکی شەو ڕێگای لێ ون بووە و ڕەقی بردووەتەوە، تەرمی ئەم کۆڵبەرە بۆ ناوەندی دەرمانی سەڵماس گوازراوەتەوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو لانیکەم ٢٣٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بوونەتە قوربانی کە لەو ژمارەیە ٦٧ کەسیان گیانی لەدەست داوە.


PM:11:17:25/03/2021