شارەزایەک: ئەو ڕێوشوێنەی دژی کازم فارق گیراوەتە بەر نا یاساییە( دۆکۆمێنت )

شارەزایەکی کاروباری پەرلەمانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە رێگا نەدان بە کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە بچێتە پەرلەمان و ئەو رێوشوێنەی دژی گیراوەتە بەر نایاساییە.

ئەو شارەزایەی کاروباری پەرلەمان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە " سپی " راگەیاند" پەرلەمان موڵکی خەڵکە، واتە ھەموو خەلک ئەتوانێت بێت بۆ سەردانی پەرلەمان و چاودێری دانیشتنەکان بکات، ئەمەش بە یاساو پەیرەو رێکخراوە، پرسیار ئەوەیە: چۆن سەرۆکایەتی پەرلەمان دەتوانن رێگا بگرن لەوەی پەرلەمانتارێک نەتوانێ بێتە ناو (بینای پەرلەمان )و پۆلیسێک رێگری لێبکات، لە کاتێک دا بە گوێرەی پەیرەو دەرگای بۆ ھەمو خەلک کراوەیە ؟".

ئەو شارەزایە دەشڵێت " سەرۆکایەتی پەرلەمان بە گوێرەی پەیڕەو دەسەڵاتی تەنھا (ضبطي) دانیشتنەکانی ھەیە، بۆ ئەوەش دەتوانێ رێگا نەدات ئەندامەکە تەنھا بەشداری ئەو دانیشتنە بکات کە پێچەوانەی پەیرەو کارێکی کردبێت، دانیشتنی داھاتووش دەتوانێت ئامادەبێت، بەڵام ئێستا رێگای نادەن تەنانەت بێتە ناو بینای پەرلەمان".

دەرەبارەی رێوشوێنە یاساییەکان بۆ سزانی ئەو پەرلەمانتارە، ئەو شارەزایە، دەڵێت "ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ئەم کارەیان پشتیان بە دەرکردنی بریاڕ بەستووە لە رێگای دەنگ دانی ئەندامانەوە، ئەوا نایاسایەکە لێرەیە کە بریار لە ناو ھەمان دانیشتن چۆن دەکرێت ؟ بەڵکو دەبێت پرۆژە یاسای بۆ پێشکەش بکرێت دواتر خوێندنەوەی بۆ بکرێت، پاشان گفتوگۆ ئەوسا راپۆرت نووسین و دەنگ دان".

ئەو شارەزایە نموونە دەهێنێتەوەو دەڵێت " بۆ ئەو مەبەستەش لە خولی سێیەمی پەرلەمان کاتێک پەرلەمانتار پێشەوا تۆفیق  دەبەی لە سەرۆکایەتی گرت پارتی پرۆژە یاسایەکی ئامادەکردو پێشکەش کراو دوای گفتوگۆ پەسند کرا کە بۆ ماوەی چوار مانگ رێگا نەدرا بەشداری کۆبونەوەی پەرلەمان بکات، بەڵام رێگای درابوو سەردانی پەرلەمان بکات".

شارەزاکە جەخت دەکاتەوە کە ئەو بریارە نایاسایەو دەڵێت " گرفت ئەوەیە لایەنی تایبەتمەند لە هەرێم نییە هاوشێوەی دادگای دەستوری ھەڵیوەشێنتەوە، بەڵکو ھەر دەبێت پەرلەمان خۆی ھەڵیوەشێنتەوە".

" لە کۆتای دەڵێم بەداخەوە ساڵ بەساڵ خراپتر لە پار"( شارەزاکە لە کۆتاییدا دەیڵێت).



PM:02:22:15/04/2021