هاوسەرۆکی تەڤگەر: زیاتر لە ٥٠ لایەنگرمان لە خۆپیشاندانەکەی سلێمانی دەستگیرکراون

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان رایگەیاند" لە خۆپیشاندانی شەوی ٢٥ ی نیسانی شەقامی سالم زیاتر لە ٥٠ لایەنگرمان دەستگیرکراون و تا ئێستا ئازاد نەکراون".

محەمەد عەبدولآ هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی " سپی " رایگەیاند " لەو خۆپیشاندانەی شەوی ٢٥ نیسان لە شەقامی سالم دژی لەشکرکێشی تورکیا سازکرا، هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە ٥٠ لایەنگری تەڤگەریان دەستگیر کردووە".

ئاشکراشیکرد لەناو دەستگیرکراوەکاندا ٨ یان ئافرەتن کە تا ئێستا ئەوانیش بە دەستگیرکراوی ماونەتەوە.

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی وتیشی" تەنها دوو کەس لە دەستگیرکراوەکان ئازادکراون چونکە نەخۆشن و پێویستیان بە چارەسەری رۆژانە هەیە".

تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هیچ روونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە.

شەوی ٢٥ ی نیسان لەشەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی لەلایەن لایەنگرانی تەڤگەری ئازادیەوە خۆپیشاندان دژی لەشکرکێشیە نوێکەی تورکیا کە ٢٣ ی نیسان دەستیپێکرد سازکرا، بەلآم هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی رێگریان لێکردووە بە دەیانیان دەستگیرکرد.
 



PM:04:07:27/04/2021