وەزارەتی پێشمەرگە هۆکاری هێرشەکانی ئەمشەوی چەكدارانی داعش لە میحوەری پردێ‌ ئاشکرا دەکات

وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە هێرشی ئەمشەوی چەكدارانی داعش لە میحوەری پردێ‌ ڕایدەگەیەنێت" هۆکاری ئەو هەلقۆستنەوەی تیرۆریستان بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییە کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە".  

وەزارەتی پێسمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی دەست (سپی) کەوتووە ئاشکرای دەکات" لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش پەلاماری سەنگەرێکی لیوای ۱۰ی پیادە  یان دا لەبەرزاییەکانی (زورگەزراو) لەسنوری میحوەری پێنج. پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ  درایەوەو تیرۆریستان راونران". 

دەشڵێت" لێرەوە رایدەگەینین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە سازو ئامادەیە، ئەو کردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان خەڵکی کوردستان و سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە ناشێوێنیت". 

جەختیشکردۆتەوە، پێشتر چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان تێدایە. بەداخەوە، هۆکاری ئەو هەلقۆستنەوەی تیرۆریستان، بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنی یە، کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، بۆ ئەمەش جەختدەکەینەوە کە ئەو ناوچانە پێویستیان بەهێزی هاوبەش و هاوکاری و هەماهەنگی گشتگیرو هەمەلایەن هەیە لەگەڵ سوپای عیراقدا.

وەزارەتەکە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە دەکات، بەتیرۆریستان رادەگەینین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی توندی  دەبێت بۆ ئەو هێرشە چەپەڵانەیان و دڵنیایش دەدەین بەخەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراو دەبێت.


AM:10:40:01/05/2021