لەبارەی نوێژو رۆژوی پێشمەرگەوە فەتوایەك دەردەكرێت

هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەئێستادا لە ناوچە دابڕاوەكاندا لە سەنگەری بەرگریدان، لیژنەی فەتواو یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیش چەند فەتوایەك بۆ چۆنیەتی نوێژكردن و رۆژووگرتنی هێزی پێشمەرگە لە مانگی رەمەزاندا دەردەكەن.
سەرۆكی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان مەلا محەمەد وەرتی راگەیاندوە، فەتوای ئێمە بۆ نوێژی پێشمەرگە دەركراوە، گوتیشی: تاوەكو پێشمەرگە دەگاتە بەرەی شەڕ و شوێنی مانەوەی، دەتوانێت تەنها نوێژەكان كورت بكاتەوە پێی دەگوترێت (قەسر)، دوای گەیشتن بە شوێنی مانەوە، دەبێت نوێژەكان لە كاتی خۆیاندا بكرێن، ئەگەر ئاو نەبوو یان دەرفەت نەبوو، یان شەڕ بوو، دەتواندرێت لەگەڵ نوێژێكی تر بكرێتەوە، واتا كۆ بكرێتەوە، واتا ناكرێ بەردەوام (قەسر و جەمع) بكرێت.
سەبارەت بە فەتوای بەرۆژووبوون یان نەبوونی پێشمەرگە لە بەرەكانی بەرگری لە كوردستاندا، سەرۆكی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنەكەیدا بۆ رۆژنامەی (باس) رایگەیاندوە، لە مانگی رەمەزان لە بەرەی شەڕدا رۆژوو ناگیرێت، بەڵكو دەبێ دواتر رۆژوو بگرنەوە، بەڵام كە دەگەڕێنەوە ماڵی خۆیان و لە واجب نین، دەبێت بەڕۆژوو بن.



AM:10:20:24/06/2014