ناسنامەى ئەو کچە ئاشکراکرا کە دوێنێ لەسەر پردى وڵوبەی شاری سلێمانی خۆى هەڵدایە خوارەوە و گیانیلەدەستدا

هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ناسنامەى ئەو کچەی ئاشکراکرد کە دوێنێ لەسەر پردى وڵوبەی شاری سلێمانی خۆى هەڵدایە خوارەوە و گیانیلەدەستدا و ڕایدەگەیەنێت" ئەو کچە دانیشتوى گەڕەکى هوانەى شارى سلێمانییە". 

کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش ئەوەی دوێنێ چوارشەممە كچێك لەسەر پردی وڵوبەی شاری سلێمانی خۆی هەڵدایە خوارەوە و گیانی لەدەستداو ناسنامەكەی نادیاربو، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش‌و بنكەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاسپارد كە بەدواداچون‌و لێكۆڵینەوەی خێرا بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەی قوربانییەكەو هۆكاری ڕوداوەكە ئەنجامبدەن. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس، ئێوارەی هەمان ڕۆژ توانرا ناسنامەی كچەكە ئاشكرا بكرێت‌ و کەسوکاری بدۆزرێتەوە، دەركەوت كچەكە ناوی (م، أ، م) و لەدایكبوی ساڵی 2001 و پیشەی خوێندكارەو دانیشتوی گەڕەكی هوانەی شاری سلێمانییە.

بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیسی سلێمانی، كچەكە سەرلەبەیانی دوێنێ بەمەبەستی چونی بۆ خولێك لەگەڵ براكەیدا لەماڵ چوەتە دەرەوەو پاش جیابونەوەی لەبراكەی چوەتە سەر پردی وڵوبەو خۆی هەڵداوەتە خوارەوەو بەوهۆیەوە مردوە. 

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشکردوە، لەئێستادا لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری روداوەكە بەردەوامەو لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەیوانەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوه بۆ روداوەكە كراوەتەوە.


AM:09:52:06/05/2021