قوباد تاڵەبانی کاتی چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغداد ئاشکرا دەکات

جێگیری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" هەفتەی داهاتوو شاندی دانووستانکاری هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە بۆ دیاریكردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە". 

نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ کلێمنس سێمتنەر کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا کۆبوەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و كۆمەڵێك پرسی تریان تاوتوێ کرد.

لە کۆبونەوەکەدا  قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لە دوای تێپەڕاندنی یاسای بودجەی 2021 پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێکی زۆر باشدایە و ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتو شاندی دانوستانکاری هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە بۆ دیاریكردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

لە بەشێکیتری کۆبونەوەکەدا تاوتوێی هەڵبژاردنی گشتی داهاتوی عێراق کراوە و هەردولا هاوڕابون لەسەر ئەوەی کە دەبێت کار بکرێت بە ئاراستەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.

هەر لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و هەرێم کراوە و لەمبارەیەشەوە هەردولا هاوڕابون  کە دەبێت حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرال و هەمو لایەنە سیاسییەکان بە هاوکاری وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان پێکەوە کاری زیاتر بکەن لەپێناو سەقامگیری زیاتری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە.


PM:06:47:18/05/2021