سەرکردایەتی یەکێتی هەڵوێستی لەسەر هاوپەیمانی لەگەڵ گۆڕان راگەیاند

سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆبوونەوە لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسیان لە هاوپەیمانی لەگەڵ گۆڕان کردو پێیانوایە " ئەو هاوپەیمانییە دەبێتە مایەی ئارامی و تەبایی و یەك ریزی كوردستانی كە بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموكراسی زۆر پێویستن".

میدیاکانی یەکێتی بڵاویان کردەوە کە کۆبوونەوەکە کە بە سەرپەرشتی هاوسەرۆكان، ئەنجامدراوە، ئەنجومەنی سەركردایەتی تەئكیدی كردۆتەوە" لەسەر گرنگی و بایەخی پێكهێنانی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و لێكتێگەیشتنی چەند لایەنێكی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە وا بڕیارە رۆژی ١٠ی تشرینی ٢٠٢١ ئەنجامبدرێت".

 هەروەها لە راگەیاندنی " ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە بۆنەی ٤٦ هەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و ٤٥ ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆرشی نوێوە ئۆرگانەكانی راسپاردووە بە رەچاوكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكانی تایبەت بە پەتای كۆرۆناوە ئەو یادە بکەنەوە".

لە راگەیاندنی کۆبوونەوەکەدا هاتووە" ئەنجومەنی سەركردایەتی لە كۆبوونەوەكەیدا هەڵوەستەی جددی لە ئاستی رەوشی ئەمنی، سیاسی و خزمەتگوزاریی، ناوچە جێناكۆكەكان بە گشتی و كەركوك  و خانەقین بەتایبەتی كرد و پێی وابوو باشترین رێووشوێنی دابینكردنی ئاشتی و ئارامی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتەكان لەو ناوچانە بە سەرخستنی ژیرانەی بەرنامەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عیراق و هێزە ئەمنییەكان دەبێت". 

هەروەها ئەنجومەنی سەركردایەتی یەکێتی تەئكیدیكردۆتەوە لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە پەسەندكراوەو وەک ئاماژەی بۆ دەکەن، دەبێتەی مایەی دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.



PM:09:16:20/05/2021