ئاسیاسێڵ‌و نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بەگەڕخستنی لاوان رێککەوتن

کۆمپانیای ئاساسێڵ بۆ پەیوەندییەکان و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رێکەوتننامەیەکی‌ لێکتێگەیشتنی‌ دوو ساڵییان لەگەڵ بەرنامەی‌ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی لاوان و دۆزینەوەی دەرفەتی کار لە عیراقدا واژۆکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمپانیای ئاسیاسێل راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە: دوای ئەوەی‌ ئاسیاسێڵ پابەندبوونی‌ خۆی‌ نیشاندا بە دامەزراندنی‌ گەنجان و پاڵپشتیکردن لە پڕۆژە بازرگانییە زۆر بچوك و بچوك و مامناوەندەکان، رێکەوتننامەیەکی‌ لێکتێگەیشتنی‌ دوو ساڵیی لەگەڵ بەرنامەی‌ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عیراقدا واژۆکرد.

عامر سونناع، بەڕێوه‌بەری‌ گشتی‌ و جێبەجێکار لە ئاسیاسێڵ رایگەیاند: "هاوبەشی‌ لەگەڵ بەرنامەی‌ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان یەکێکە لە کارێکی‌ تری‌ بەهاداری‌ بەرنامە بەردەوامەکانمان و رۆڵێکی‌ ئەرێنی‌ و کاریگەری‌ دەبێت لەسەر گەنجان لە عیراقدا".

وتیشی: "ئەو ئاستەنگانەی‌ رووبەڕووی‌ خاوەنکاران بوونەتەوە تەنها بە دامەزراندنێکی‌ سەرکەوتووی‌ کۆمپانیایەک کۆتایی‌ نایەت کە بۆ بەرهەمێک یاخود خزمەتگوزارییەک دامەزراوە لە عیراقدا، هەروەها سیستەمی‌ نەزۆکی‌ ژینگەی بەرێوەچوونی‌ کارەکان لە بواری‌ تەکنەلۆجیادا لە عیراقدا، لەگەڵ هاتنی‌ ئەم پەتایەدا یەکیگرتووە و وای‌ کردووە کە پڕۆسەی‌ گواستنەوە لە بواری‌ زانستییەوە بۆ بەبازاڕکرن زۆر ئاڵۆز بێت بۆ ئەو کۆمپانیایانەی‌ بەر لە ئازاری‌ 2020 دامەزراون، چونکە بازار و سەرچاوەکانی‌ کۆمەک و پێشینەکانی‌ کار گۆڕانیان بەسەردا هاتووە".

لەلایەن خۆشییەوە زێنە عەلی‌ ئەحمەد، نوێنەری‌ نیشتەجێی‌ بەرنامەی‌ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عیراق، ئاماژەی بەوەدا: "لە سایەی‌ پەرۆشی‌ و داهێنان و گیانی‌ دەستپێشخەری‌ و داهێنەرانەیانەوە، گەنجانی‌  عیراقدا بوونەتە بریکارێک بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری‌ و توانای‌ ئەوەیان هەیە عیراقێکی‌ خۆڕاگر و گشتگیر بنیاتبنێن".

هاوکات، ئەوەشی خستەڕوو، لەم هەموو قەیرانەی‌ وڵات پێیدا تێپەڕدەبێت، لە ناویاندا رووبەڕووبوونەوەی‌ داعش و ئەو ئاستەنگییە ئابوورییانەی‌ بەهۆی‌ نزمبوونەوەی‌ نرخی‌ نەوتەوە هاتوونەتە کایەوە و پەتای‌ ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا، گەنجانی عیراق دەتوانن هەنگاوی گەورەبنێن.

به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه ‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ په‌ره‌پێدان له‌ ساڵی 1976ەوە له‌ عیراق بوونی هه‌یه و‌ پابه‌نده‌ به‌ یارمه‌تیدانی حکومه‌ت و خه‌ڵکی عیراق له‌ هه‌نگاوه‌کانیاندا به‌ره‌و ئاشته‌وایی و چاکسازی و سه‌قامگیری. هاوکاری به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ په‌ره‌پێدان هه‌ر له‌ هاندانی بژێوی له‌باری ناکاودا و گفتوگۆی کۆمه‌ڵگا له‌و ناوچانه‌ی قه‌یران کاری تێکردوون درێژده‌بێته‌وه‌ تا یارمه‌تیدانی سه‌قامگیرکردن له‌ناوچه‌ تازه ‌ئازادکراوه‌کان و هه‌روه‌ها پێشکه‌ش کردنی هاوکاری هونه‌ری بۆ یارمه‌تیدانی چاکسازییه‌کانی بواری حوکمداری و لامه‌رکه‌زیه‌ت.

ئاسیاسێڵ کۆمپانیایەکی پەیوەندی تەلەفۆنی مۆبایل و دابینکەری خزمەتگوزاری دیجیتاڵییە لە عیراقدا و لە 1ی‌ کانوونی‌ دووەمی‌ 2021 دا ژمارەی‌ بەشدابوونی‌ گەیشتووەتە زیاتر لە 14 ملیۆن و 700 هەزار کەس.



PM:07:35:31/05/2021