(سپی) زانیاری نوێ لەسەر هێرشەکەی سەر كەمپی پەنابەرانی مەخمور بڵاودەکاتەوە

دوای ئەوەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشیانکردە سەر كەمپی پەنابەرانی مەخمور، لەوبارەیەوە ماڵپەڕی (سپی) زانیاری نوێ بڵاودەکاتەوە.

ڕەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی کە خەڵکی ناوچەی مەخمووریشە لە لێدوانێکدا بە (سپی) ڕاگەیاند" ئەو بۆردوومانەی کە سووپای تورکیا لە ڕێى فرۆکەى بێ فڕۆکەوانەوە بۆ سەر کەمپى پەنابەرانی مەخمور ئەنجامی دا، بۆتە هۆی کوژرانی سێ کەسی مەدەنی و برینداربوونی دوو کەس".

لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی باسی لەوەشکرد، کە بۆردوومانەکە باخچەیەکی یاریکردنی منداڵانی گرتۆتەوە کە لە نزیک قوتابخانەیەک بووە، هاوکات ئەو کەسانەشی کە بوونەتە قوربانی هاوڵاتی مەدەنی گەنج بوون. 

٢ی ئەم مانگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر مەخمور و کامپی پەنابەرانی مەخموری کرد بەبیانوی ئەوەی کە پەناگەیەکی پارێزراوە بۆ گەریلاکانی پەکەکە و وتی" ئەنقەرە هاوشێوەی قەندیل دەڕوانێتە ئەو کامپە و هەڕەشەیە لەسەر وڵاتەکەی". 


PM:03:24:05/06/2021