ئەو کەسەی لە میسر پیلانی بۆ کوشتنی مام جەلال داناوە لە هەولێر گەورەترین مزگەوتی بەناوەوە دروستکراوە


راوێژکارێکی سەرۆکی هەرێم دەڵێت لە هەولێر گەورەترین مزگەوت بە ناوی کەسایەتییەکی ئیخوان موسلمینەوە دروستکراوە کە چەندان هەڵوێستی خراپی دژی کورد هەبووەو پیلانی بۆ کووشتنی جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەری یەکێتی و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق داناوە.

زیرەک کەمال راوێژکاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە نووسێنێکدا بەناونیشانی (هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان مزگەوتێك بە ناوی (محمد محمود الصواف) ەوە دەکرێتەوە)، نووسیویەتی "  دەزانن صـواف كێیە؟ لە ناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی بیستەمدا دوو لاوی كورد، حوسێن رەشوانی و عەبدوڵا زێباری بە مەبەستی خوێندن لە زانكۆی (ئەزهەر) دەچنە میسر و لەوێ وەك قوتابی زانكۆ دەخوێنن، دواتر لەلایەن (محەمەد الصواف) و (علاالدین خروفە) كە دوو سەركردەی دیاری (ئیخوان موسلیمین) بوون راپۆرتێك لەسەر ئەو دوو قوتابییە كوردە دەدرێتە هەواڵگری حكوومەتی میسر و وەك سیخوڕی موسادی ئیسرائیل پێناسەیان دەكرێت".

هەروەها ئەو راوێژکارەی سەرۆکی هەرێم دەڵێت " نەك هەرئەمە، بەڵكو (الصواف و خروفە) لەو راپۆرتەدا داوای لە سێدارەدانی حوسێن رەشوانی و عەبدوڵا زێباری دەكەن. دواتر حكوومەتی میسر ئەو دوو قوتابییە دەخاتە كونجی زیندان و چارەنووسی هەردووكیان بە ئاراستەی لە سێدارەدان هەنگاو دەنێت، بەڵام دواتر عەلی كەمال بەك كە سەرمایەدار و دەستڕۆیشتوویەكی كورد بوو لە بەغدا، هەر لەسەر حیسابی خۆیشی رەشوانی و زێباری ناردبووە میسر بۆ خوێندن، گوشار دەخاتە سەر باڵوێزی ئه‌وكاته‌ی میسر لە بەغدا و داوای ئازادكردنیان دەكات و هەر لەو رێگایەشه‌وه‌ ملی ئەو دوو لاوە كوردە لە پەتی سێدارە رزگار دەكرێت."

 
زیرەک کەمال لە درێژەی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی لەسەر خراپەکاریەکانی ئەو کەسایەتییە ئاینییە، دەشڵێت " با وردترو چڕتر (محه‌مه‌د مه‌حموود الصواف)ت پێ بناسێنم، محەمەد مەحموود الصواف ئەو پیاوە بوو كە لە ساڵی 1952 لەسەر راسپاردەی (حه‌سه‌ن به‌نا) هاتە كوردستان و لە دەڤەری هەڵەبجە لقی (ئیخوان موسلیمین)ی دامەزراند." 

هەروەها نووسیوویەتی " محەمەد مەحموود الصواف ساڵی (1956) تا (1958) واتا بۆ ماوەی دوو ساڵ لە رادیۆی عێراق بەرنامەیەكی ئایینی بە ناوی (علی مائدە القران) هەبوو كە لە بەرنامەكانیدا بەردەوام هێرشی دەكردە سەر گەلی كورد و (ته‌كفیر و ته‌جریم)ی دەكردن و وەكو چۆن نە پزیشك و بە ناو فەیلەسووفەكانی حزبی نازی ئەڵمانی بنەچەكە و رەگ و ریشەی ئاینی جوو لەگەڵ نەتەوەیی ئەرمەن دەبردەوە سەر خوێنی پیس و ئەو دوو میللەتەیان بە مایە و هۆكاری سەرجەم ئافات و بەڵاو نەهامەتییەكانی گەلی ئەڵمانی دەزانی، ئاواش (الصواف) لە بەرنامەكانی رادیۆی عێراقدا بەردەوام لە هەوڵی بچووك نیشاندان و ناشیرینكردنی وێنەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتووری گەلی كورددا بوو". 

ئەو دەڵێت " بۆیەش زۆر كەس رەگ و ریشەی ئەنفالكردنی گەلی كورد لەلایەن رژێمی بەعس وەك بیرۆكە دەگێڕنەوە بۆ بەرنامەكانی (علی مائدە القران)ی الصواف".

دەربارەی هەوڵی کوشتنی مام جەلال، زیرەک کەمال دەڵێت "دوای ئەوەی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا مام جەلال تاڵەبانی وەكو نوێنەری بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان دەچێتە میسر (محه‌مه‌د مه‌حموود الصواف) هانی كۆمەڵێك گەنجی ئیخوان دەدات، بۆ تیرۆركردنی مام جەلال!".

ئەو نوسەرە هۆشیاری دەدات و دەڵێت " لە هەمووی سەیرتر ئێستا لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و لە جوانترین و ستراتیژییترین شوێنی ئەو شارەدا مزگەوتێك بە ناوی (محه‌مه‌د مه‌حموود الصواف) درووست كراوە، بۆیەش ئەو رۆژەی بە بەردەمی مزگەوتی (الصواف) لە هەولێر تێپەڕیم، یەكسەر ئەو دێڕە شیعرەی شاعیرێكی كوردم هاتەوە یاد كە دەڵێت: (ئەنفال و كیمیاباران چیرۆكی خوێناوی میللەتێكە كە زوو شتی لە یاد دەچێت. ئایا مایەی ئازار و خەفەت نییە كورد لە مێژوودا خاوەنی مەلای گەورە و مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس و مەولانا خالید بێت، كەچی گەورەترین مزگەوتی پایتەختی وڵات بەناوی دوژمنێكی سەرسەختی كوردبێت؟؟".

  



PM:10:05:26/06/2021