لاهور جەنگی: پۆستی هاوسەرۆکی جێناهێڵم لە کۆنگرەدا نەبێت

لەگەڵ کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری شەهیدانی یەکێتی لە گردی سەرچنار لە سلێمانی، لاهور جەنگی وتی " پۆستی هاوسەرۆکی یەکێتی جێناهێڵم لە کۆنگرەدا نەبێت".

لە بەشێک لەو قسانەدا کە لەو کۆبوونەوەیەدا کردوویەتی و دزەی کردووە بۆ دەرەوە، لاهور جەنگی وتوویەتی" ناچارم ئەمشەو پەیامێکی تووند بڵاو بکەمەوە لەسەر ئەوەی دژم ئەکرێت، ئەگەر ئەمە نەکەم ڕەنگە سبەینێ فەرمانی دەستگیرکردنیشم بۆ دەربکەن".

ئەو پێیوایە ئەوەی ڕودەدات پلانی پارتی و تورکیا و پیاوەکانیانە لەناو یەکێتی.

لاهور جەنگی ئاشکرای دەکات " کاک مەسعود دوو ھەفتە پێش ئێستا بەکۆمەڵێک ڕیش سپی گوتوە کە لاھور تەنھا ھەفتەیەکی ماوەو کۆتایی دێت".

هەروەها دەشڵێت " ماوەیەکە ئۆردۆغان لەرێگەی بەرپرسانی هەرێم و عێراقەوە پەیامی بۆ دەنێرێت کە لێی قبوڵ ناکات و، خەمیس خەنجەر پێیوتم ئەردۆغان وتویەتی لاهور کۆتایی هاتووە، منیش پێموت: چی دەکەن ساروخم تێدەگرێت، ئەگەر وایە با ساروخەکە کەمێک گەورە بێت بۆ ئەوەی ئازارەکەی کەم بێت".

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئامادەیە لەپێناو یەکێتیدا دەستلەکار هەڵبگرێت و دوربکەوێتەوە، وتی " ئەگەر بزانم کێشەکان منم".

وتیشی" کەس بە کوشت نادەم ".


کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لاهور جەنگی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری شەهیدان یەکەم دەرکەوتن و وتارخوێندنەوەی ئەو هاوسەرۆکەی یەکێتی دوای هەفتەیەک لە سەرهەڵدانی کێشەی نێوان خۆی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی دێت.



PM:04:10:15/07/2021