وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە نوسراوێکدا کە ژمارە (11542)ى لەسەرە چەند بڕیارێکى سەبارەت بە مۆڵەتى بێ موچەى مامۆستایانى قۆناغەکانى بنەڕەتى و ئامادەیى دەرکرد و رایگەیاند" کە لەدوای 21-12-2015 مۆڵەتی بێ مووچەی لە دوو ساڵ تێپەڕ نەبووبێت، واتە لەدوای ئەم رێککەوتە تەنیا مافی دوو ساڵ بێ مووچەی هەیە".
لەنوسراوەکەدا ئەم بریارانە لەبارەى مۆڵەتى بێ موچەوە دراوە:
1- لەدوای 21-12-2015 مۆڵەتی بێ مووچەی لە دوو ساڵ تێپەڕ نەبووبێت، واتە لەدوای ئەم رێککەوتە تەنیا مافی دوو ساڵ بێ مووچەی هەیە.
2- سەبارەت بە درێژکردنەوەی مۆڵەتی بێ مووچە:
- پێویستە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی بێ مووچەکە دەست بە کار بکاتەوە و دووبارە داواکاری پێشکێش بکات بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بەو مەرجەی مافی مۆڵەتی بێ مووچەی مابێت.
- بۆ ئەو مامۆستایەی لە دەرەوەی وڵاتە و بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانێت بگەڕێتەوە، پێویستە بە راپۆرتی پزیشکیی ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێیە پشتڕاستبکرێتەوە و دواتر لەلایەن نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راستاندنی بۆ بکرێت و دوای پەسندکردنی لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت مۆڵەتی بێ مووچەی بۆ درێژبکرێتەوە (بەو مەرجەی مافی هەبێت).
3- مامۆستای ئافرەت کە لە مۆڵەتی دایکایەتیدایە، مافی هەیە لە ماوەی 10 رۆژ دوای دەستبەکاربوونەوەی داوای مۆڵەتی بێ مووچە بکات؛ بەپێی فۆرمی ژمارە یەک، بەو مەرجەی ئەو مافەی مابێت.
4- هۆکاری داواکردنی مۆڵەتی بێ مووچە وەکو لە خاڵەکانی فۆرمی ژمارە 1دا هاتووە، پێویستە لەلایەن داواکارەوە بە روونی ئاماژەی پێبکرێت کە بۆچی مەبەستێک مۆڵەتەکە وەردەگرێت.
5- هەڵوەشانەوە و بڕین:
- هەڵوەشاندنەوە کاتێک دەکرێت کە 7 رۆژ بەسەر دەرچوونی فەرمانی وەزاری تێپەڕ نەبووبێت و دەستی لە کار هەڵنەگرتبێت.
- بڕینی مۆڵەتەکە لەدوای دەست لە کار هەڵگرتن دەبێت، بە مەرجێک لە 31-12-2021 تێپەڕ نەبووبێت.