ئەندام سەرکردایەتییەکی نزیک لاهور جەنگی لەسەر دەنگۆی دوورخستنەوەی روونکردنەوە دەدات


ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، رێبوار جاف کە وا ناسراوە سەر بەلاهور جەنگییە، رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رەتیکردەوە کە لە پۆستەکەی وەک لێپرسراوی مەڵبەندی چەمچەماڵ لادرابێت.  

  ڕێبوار جاف لەو رونکردنەوەیەدا دەڵێت " لە دوای ئەوەی لەلایەن زۆرێک لە ھەڤاڵان و دڵسۆزان و کادرانی یەکێتیەوە ئاگادار کرامەوە کە کۆمەڵێک پەیج و سایتی ئاراستەکراوی نەیاری یەکێتی و بەکرێ گیراوەوە ھەواڵی ناڕاستی ئەوە بڵاو کراوەتەوە کە گوایە بە بەندە وترابێت نەچمەوە سەر کاری خۆم!".  

  ئەو بەرپرسەی مەڵبەندی چەمچەماڵ دەشڵێت "لێرەوە ڕای دەگەیەنم کە سەرلەبەری ئەو ھەواڵە فەیکانە درۆیەو ئامانج لێی تێک دانی یەکڕیزی یەکێتیەکەی مامە، ئەو یەکێتیەی کە ھەموو تەمەنی گەنجی خۆم و ھەڤاڵانم و ھاوڕێ شەھیدەکانمان لە سەری کردوە بە نەزر".  

  جەختیش دەکاتەوە "من ئەمڕۆ لەسەر کاری خۆم بووم و لەخزمەتی ھاوڵاتیان و کەس و کاری شەھید دابووم لە مەڵبەندی چەمچەماڵ و لەسەرکاری خۆم بەردەوامم، درێژەپێدەری ڕێبازی مام دەبین تا دوا نەفەس".  



AM:12:19:19/07/2021