هاتوچۆی سلێمانی دوای هەفتەیەک لە بڕیاری جێگری سەرۆکی حکومەت لە بارەی رێگرتن لە ئۆتۆمبیلی بێ خاوەن و جام رەشەوە رایدەگەیەنێت"
دەستبەسەر ١٥ ئۆتۆمبێلێدا گیراوە و ٣٠٠ بەڵگەش لە هاوڵاتیان وەرگیراوە، ٥٠٠ لەزگە و پەردە لە ئۆتۆمبێل کراوەتەوە.
بەهمەن عەبدوڵا، ئەفسەر لە ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە میدیای فەرمی یەکێتی ڕاگەیاندووە، "لە ماوەی هەفتەی یەکەمی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و جام ڕەش و چەکی بێمۆڵەتدا، ٣٠٠ بەڵگە لە هاوڵاتیان وەرگیراوە، ٥٠٠ لەزگە و پەردە لە ئۆتۆمبێل کراوەتەوە و دەست بەسەر ١٥ ئۆتۆمبێلی نایاسایدا گیراوە".
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، ئەفسەرەکەی هاتوچۆ دەڵێت " پێشوازی هاوڵاتیان و شۆفێران لە بڕیارەکە زۆر باش بووە، لە ڕابردوودا ئەو نایاسایانە لە حاڵەت دەرچوو بوو ببوو بە دیاردە بە ئاشکرا لە دوکانەکانی جوانکاری خەڵک ڕیزیان دەگرت بۆ بەستنی پەردە و جامی ڕەش".
هەفتەیەکە لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری هەڵمەتێکی هاوبەش لە هێزەکانی هاتوچۆ و ئاسایش و پۆلیسی بەرگری شارستانی دەستی پێکردووە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا وجامڕەش و پەردە و چەکی بێمۆڵەت.