دوو پەرلەمانتار: کارگەی بەردی مەڕمەڕی ماوەت مارکەی جیهانی تێدا ساختەکراوە

دوو ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنن" کارگەی بەردی مەڕ مەڕی ماوەت کە لەسەر بودجەی گشتی دروستکراوە، بەڵام کاری ساختەکردنی هەندێک مارکەی جیهانی جگەرەی تیادا دەکرا". 

هەریەک لە عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیان کردوە، دەڵێن" کارگەی بەردی مەڕ مەڕی ماوەت لەسەر بودجەی گشتی نزیکەی (بیست ملیۆن) دۆلار تێچووە، ئەم کارگەیە لەرابردودا کرابوو بە کارگەی جگەرە و بەبێ ئاگاداری حکومەتی کاروباری جگەرەی تیادا دەکرا".

باس لەوەش دەکەن، لەو کاریگەدا هەندێک مارکەی جیهانی تیادا ساختەدەکرا، لە ئێستادا وەستاوە، پلانی ئەوە هەیە کۆمەڵی کەسی تر بۆ هەمان بابەت بیخەنەوە کار. 

ئەو دوو پەرلەمانتارە داوا دەکەن، ئێستا نابێت دیسانەوە ئەو کارگەیە بدرێتەوە بە کەسێکی دیکە بۆ ساختەکاری جگەرە، پێویستە وەگەڕبخرێتەوە بۆ خزمەتی گشتی.


PM:12:54:03/08/2021