پارتی دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن كرد و سەرپەرشتیاری كەمپینیشی دیاریکرد

دوێنێ سێشەممە پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن كرد و هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وەزیری پێشووتری دەرەوە و دارایی عێراقی كردە سەرپەرشتیاری كەمپینی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ٢٠٢١.

شیروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی و كاندید لەسەر بازنەی موسڵ لە ڕاگەیەندراوێکی کورتدا ڕایگەیاند" هۆشیار زێباری سەرپەرشتی كاندید و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دەكات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران".  

لەلایەکی دیکەوە خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند" دوێنێ ئێمە وەك لیژنەی باڵای سەرپەرشتیی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كۆبووینەوە و بە فەرمی دەستمان بە بانگەشەی ھەڵبژاردن كرد، پارتی ٥٣ كاندیدی ھەیە لە ٣٢ بازنەی ھەڵبژاردن، كە لە دوازدە پارێزگای عێراق بەشداریی ھەڵبژاردن دەكات، لە ئەمڕۆش بەدواوە كاندیدانمان ئازادن دەست بە بانگەشەی ھەڵبژاردن بكەن بۆ خۆیان و ئێمەش وەك پارتی و دەزگای ھەڵبژاردن، چیمان لە دەست دێت پاڵپشتیی كاندیدانی خۆمان دەكەین".


PM:03:13:04/08/2021