سەرکردایەتییەکی یەکێتی هۆکاری بێدەنگ بوونی لاهور شێخ جەنگی ئاشکرا دەکات

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت" لاهور شێخ جەنگی لە ماڵەوە دانیشتووە و دەسەڵاتەکانی ڕادەستکردووە، دۆخی یەکێتی خراپە، گەر یەکێتی هەڵبژاردنی بێ لاهور بردەوە، کەواتە ئەو لاوازبووە". 

شادمان مەلا حەسەن ئەندامی سەرکردایەتی و نزیک لە لاهور شێخ جەنگی سەبارەت بەکێشە نێوخۆییەکانی حزبەکەی لە چاوپێکەوتنێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" دۆخی ناو یەکێتی تاڕادەیەک جێگیرە، بەڵام پێشکەوتنی تازە نیـیە بۆ یەکخستنەوە و ڕێککەوتن، هەوڵێکی بەردەوام هەیە لەسەر ئاستی کەسایەتی و جەماوەر و ڕێکخستنەکان و تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەش، نێوەنگیری دەکرێت، تا ئەم ساتە پێشکەوتنێکی ئەوتۆ نیە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ شتێک ئەستەم نیە، ئینجا هەر کارێک کە دەکرێت چیرۆکێکی بۆ دروست دەکرێت، ئەو هەڤاڵەی هاوسەرۆک کە هێزی جوڵاندووە، ئەم کارەی لەدەرەوەی پەیڕەو و پرۆگرام کردووە، بۆیە دەستی بۆ دروستکردنی چیرۆک بردووە، دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕی بێ لایەن، مەسەلەی ژەهر خوارد کردنەکە یەکلایی بکاتەوە.

باسی لەوەشکردووە، هێنانی بازرگانەکە دەرئەنجامە و بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی کەتنەکەیە، ئینجا تۆ کە هەڕەشە دەکەیت تا لاهور شێخ جەنگی وڵات جێ بهێڵێت و لەولاشەوە دادگای لێدەگری، شتەکان تەناقوزن. چارەسەری کێشەکان بەم شێوە ناکرێت، سروشتی یەکێتی جیاوازە، باڤڵ تاڵەبانی و براکەی موعجیبن بە تەقلیدکردنی پارتی، لەکۆبوونەوەیەکدا بە خۆیانم وت: بیر لەوە مەکەنەوە، ئێوە ماڵی بارزانی بن و ئێمەش پارتیـیەکان، ئێمە و پارتی دوو قوتابخانە و دوو بیرکردنەوەی جیاوازین.

جەختیشی کردەوە، سروشتی هەموو جۆرە دەسەڵاتێک وایە، هەموو جۆرە خەڵکێکی لێ کۆدەبێتەوە، من ئاگاداری ئەو شتانە نیم، ناشتوانم ڕەتیبکەمەوە و دیفاعی لێبکەم، ئێستا خۆ دۆخەکە گۆڕاوە، لەوانەیە خەڵکی تریش هەبێت، بیەوێ لە ژێر سێبەری ئەماندا سود ببینێت. کاری جێگری حکومەت و دادگا چی بووە، بۆ ئەوکات ئیجرائاتیان نەکردووە، بۆ ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم دۆسیانەیان لە سەرکردایەتی باسنەکرد.

لەبارەى ئەوەی چۆن لاهور شێخ جەنگی ڕۆیشتووەتە ماڵەوە و دەسەڵاتە حزبیەکانی ڕادەستکردووە گەر تۆمەتەکانی سەری ڕاست نین، شادمان مەلا حەسەن دەڵێت" من یەکێکبووم لەوانەی ڕۆڵم هەبوو لەو مەسەلەیەدا و نایشارمەوە، پێمانباشبوو ئەم خوێنبەربوونە ڕابوەستێ، ئەوان نیازیان خراپبوو، پێشنیارمان کرد، دەسەڵات ڕادەست بکات، تا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنرێت".

"لاهور بیدەنگ نەبووە، ڕۆژانە خەڵک دەبینێت و قسە دەکات، پەیامەکانی جەژن و چەند ڕۆژی ڕابردووی، دوو پەیامی گرنگ بوون، ڕۆژانە خەڵک دەبینێت و دەڵێ، پابەندم بەپەیڕەو پرۆگرام، ئەوە کاک بافڵە، دۆسیەکان ناهێنێتە سەرکردایەتی و سەرکردایەتی بێ ئەرزشکردووە". 


PM:09:03:09/08/2021