دەنگوباسی لادانی ئاڵا تاڵەبانی لە لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گەرمە

دەنگوباسی لادانی ئاڵا تاڵەبانی کە ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە لە سێ خوولی پێشوودا گەرمە، بەڵام پەیجەکانی نزیک لاهور جەنگی رەتیدەکەنەوە.

چەند میدیایەکی نزیک بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لابردنی ئاڵا تاڵەبانی لە لیستی هاوپەیمانی  لە کەرکوک کە لە یەکێتی و گۆڕان پێکهاتووە بڵاوکردەوەو، لە بری ئەو کاندیدێکی نوێی یەکێتی بەناوی دیلان غەفورەوە دانرابێت، بەڵام پەیجەکانی نزیک لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی رەتدەکەنەوە.

ئەو پەیجانە باس لەوە دەکەن کە هەوڵی لادانی ئاڵا تاڵەبانی شکستی خواردووە.

ئاڵا تاڵەبانی کە سێ خوولە پەرلەمانتارە لە پەرلەمانی عێراق بەیەکێک لە لایەنگرانی لاهور جەنگی هەژمار دەکرێت کە لە دوای ٨ ی شوباتەوە بافڵ تاڵەبانی دەستی بەلابردنی کردوون لە شوێنە هەستیارەکانی حیزب و حکومەتدا.

بافڵ تاڵەبانی و لایەنگرانی لەبەردەم کێشەیەکی جدی کاندیدەکانی یەکێتیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چونکە زۆرێک لەو کاندیدانە سەر بەلاهور جنگین و لادانیان لەم کاتەدا کە دوو مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردن بۆتە کارێکی ئەستەم.



PM:02:03:13/08/2021