وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیارێكی نوێی بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێل دەركرد

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكی وەزاریدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەچەند مەرجێك ڕێگە بە هەندێك جۆری ئۆتۆمبێل دەدرێت، تابلۆكانیان بە زمانی ئینگلیزی ببەستن". 

بەپێی فەرمانێكی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان كە لە 5-8-2021 دەرچووە و بڕیاردراوە"ن ڕێگە بدرێت بە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی (هەولێر، سلێمانی و دهۆك) تۆمارن تابلۆی ئۆتۆمبێل بە زمانی ئینگلیزی ببەستن بە مەبەستی هاتووچۆی دەرەوەی عێراق".

بەگوێرەی فەرمانەکە، پیویستە كارتی ئۆتۆمبێل (بطاقة تجوال)  كە لە ب.گومرگی هەرێمی كوردستان دەردەچێت بۆ ئۆتۆمبێلەكەی رێكخستبێت كە رێگای گەشتكردن بە ئۆتۆمبێل دەدات زیاتر لە جارێك (متعددة السفرات) و ئەو كارتە بەسەرنەچووبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە" لە كاتی هاتووچۆكردنی ئۆتۆمبێل بۆ دەرەوەی وڵات لەكاتی گەڕانەوەدا پێویست ناكات (تابلۆی بە زمانی ئینگلیزی) لێی بكاتەوە بە ڕەچاوكردنی بڕگەی (2)ـی سەرەوە".

هەروەها هاتووە" خاوەنی هەر ئۆتۆمبێلێك كە بڕگەكانی (1 و 2)ـی سەرەوە جێبەجێنەكات بە بڕی (500000) پێنجسەد هەزار دینار سزا دەدرێت و دەخرێتە سەر حسابی پەرەپێدانی هاتووچۆی تایبەتمەند".

ئەوەشی خستەڕوو، خاوەنی هەر ئۆتۆمبێلێك تابلۆ بە زمانی ئینگلیزی ببەستێت بەبێ رەچاوكردنی خاڵی(1)، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت و بەپێی ماددە (279 ) لە یاسای سزادانی عێراقی رەوانەی دادگا دەكرێت. 

لە فەرمانەكەدا جەختیشکراوەتەوە، كار بە هیچ نوسراو و فەرمانێك ناكرێت دوای دەرچوونی ئەم فەرمانە. 


AM:11:22:15/08/2021