کەجەکە لەبارەی هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر نەخۆشخانەکەى شەنگال ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

کۆمیتەى تەندروستی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لەبارەی هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر نەخۆشخانەکەى شەنگال ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پێویستە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، سەندیکا و کارمەندانی تەندروستی، کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی، کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق، بەزووترین کات لەبارەى هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکەى شەنگال هەڵوێستى خۆیان نیشان بدەن".

دەقی راگەیاندراوەکەى کۆمیتەى تەندروستی کەجەکە:

"ئێمە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر نەخۆشخانی سکێن لە شەنگال ئیدانە دەکەین، کە هاووڵاتییانی مەدەنیی تیادا چارەسەر دەکرا. لە ئەنجامی بۆردومانەکەى ١٧ی ئاب بۆ سەر ئەو نەخۆشخانەیە، کە سێ جار یەک لەسەر یەک بۆردومانکرا، منداڵێک، کارمەندانی تەندروستی و نەخۆشەکان  بە گشتی ٨ کەس بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژکران و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسانە دەکەین، کە ژیانیان لە دەستداوە، سەرەخۆشی لە کۆمەڵگەى تەندروستی و گەلەکەمان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین.  

'دەوڵەتی تورک لە دژی مرۆڤایەتی تاوان دەکات'

بەپێی رێککەوتنامە نێونەتەوەییەکانی شەڕ، بۆردومانکردنی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان، کە خزمەتی مرۆیی پێشکەش دەکەن، زیان گەیاندن بەو دامەزراوە و رێکخراوانە، کوشتنی نەخۆشەکان و کارمەندانی تەندروستی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین. بە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان، گوندەکان و ئۆتۆمبێلە مەدەنییەکان، کە ئامانجی سەربازی نین و بێ بەرگرین، بە بەرچاوی جیهانەوە تاوانی شەڕ دەکرێت. ئەوە تاوانی یەکەم نییە، کە کۆماری تورکیا ئەنجامی دەدات. پێش ئێستاش زۆر جار باکووری کوردستان، باشووری کوردستان، شەنگال، مەخموور و رۆژئاوای کوردستانی بۆردومان کردووە و هاووڵاتییانی مەدەنیی کۆمەڵکوژکردووە، سروشتی کاول کردووە، وەک ئەوەى لە عەفرین کردی، شوێن و ماڵ و حاڵی بە هاووڵاتییان چۆڵکرد و دەستی بەسەردا گرتن، هاووڵاتییانیان رفاند و بە ئەشکەنجەدان کوشتنیان. لەم ساڵانەی رابردوودا شوێن و ماڵەکانی لە قەنیدل بۆردومانکرد و نەخۆشخانەیەک، کە خزمەتی بە هاووڵاتییانی گوندەکان دەکرد، بۆردومانکرد و رووخاندی، لە ئەنجامی ئەوەشدا ژنێکی مەدەنی قاچێکی لە دەستدا. لە هێرشێکی تردا بۆ سەر کوێستانەکان، دایکێک شەهید کرا، ئۆتۆمبێلێک، کە سۆلینی کۆرپەی لەگەڵ بنەماڵەکەى تیادا بوو لە ٢٤ی ئابی ٢٠١١دا بە ئەنقەست کرانە ئامانج و هەموو بنەماڵەکە بە تەواوی لە ئۆتۆمبێلەکەیاندا تیاچوون. لە هەموو هێرشە ئاسمانییەکاندا سەدان ئاژەڵی هاووڵاتییان کوژران، زیان بە ماڵ و موڵک و خانوو و باخی گەل گەیەندرا، لە هەمان کاتدا خوێندنگەیەکی سەرەتایی کرایە ئامانجی  بۆردومانەکان و بە تەواوی خاپوور کرا. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٤دا لە ئەنجامی بۆردومانی گوندی زارگەلی دا ١٠ هاووڵاتیی  مەدەنی کۆمەڵکوژکران. کاتێک لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەى ئاکەپەى فاشیست بکرێت ئەوە روون دەبێتەوە، کە ئەو تاوانانە تەنها لەم ماوەیە نزیکەدا ئەنجام نەداوە، بەڵکو لە دژی کوردان سیاسەتی سڕینەوە و پاکتاوکردن بە شێوەیەکی رێک و پێک و ورد بەڕێوەدەبات. لەبەر ئەوەى لە ئاستی نێونەتەوەییەدا لێپرسینەوە لەو تاوانانەى دەوڵەتى تورک نەکراوە ئەو دەوڵەتە بەردەوامە لە تاوانەکانی و لە ١٧ی ئابی ٢٠١٢١دا لەشەنگال و رۆژئاوای کوردستان تاوانی نوێی ئەنجامدا.   

'دەبێت رای گشتی و رێکخراوەکان بێدەنگ نەبن'

ئەو تاوانانەى دەوڵەی تورک بە ژماردن کۆتاییان پێنایەت، بەڵام دەکرێت کۆتایی بە کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی بهێنرێت. دەتوانرێت  دەسەڵاتی ئاکەپە رابوەستێنرێت. ژیان، ماف و ئازادیی مرۆڤەکان لەسەر هەموو جۆرە بەرژەوەندییەکانەوەن. لەبەر ئەوەش ئێمە داوا لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکەین، کە بە ئەرکی خۆیان هەستن و بەرپرسیاریی خۆیان بە خێرایی بەجێبهێنن. ئێمە داوا لە رای گشتی دەکەین، کە لە بەرامبەر تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورکی فاشیست دا بێدەنگ نەبن. تاوەکو ئەو بێدەنگییە ترسناکە بەردەوامیی هەبێت  ئەو کۆمەڵکوژییانەش بەردەوامییان دەبێت. ئەوەى بوار بۆ ئەو دڕندەییەى دەوڵەتی تورک دەڕەخسێنێت و بەردەوامیی پێدەدات، لەبەرچاو نەگرتنی یاسا نێونەتەوەییەکان و پێشێلکردنیان و بێدەنگیی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان و نەبوونی هەڵوێستی هاوبەش و سیاسی و هێزە نێونەتەوەییەکانە، بە تایبەتی هەڵوێستی ئەمریکایە. ئەرکی مرۆییە، کە هەموو کەسێک کار بۆ کۆتایهێنان بەو بێ ویژدانی و بێ ئەخەلاقییە بکات.

بێدەنگی دەبێتە کوشتن، هەر بێدەنگییەک دەبێتە هۆکاری روودانی کۆمەڵکوژییەکی نوێ. کاتی ئەوە هاتووە، کە کۆتایی بەوانە و بە بێدەنگیانە بهێنرێت. تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورک پێشێلکردنی زەقی رێککەوتننامەکانی جنێڤە، بۆیە دەبێت رێکخراوە نێونەتەوەییەکان، کە ئێمە بانگەوازمان بۆ هەیە، بە خێرایی دەستبەکار ببن.

بۆ پشتیوانیکردن و خاوەنداریکردن لە یادی کارمەندانی تەندروستی و پزیشکەکان، بۆ لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژییەکان ئێمە داوا لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەین، کە بە دروشمی 'تاوانەکانی شەڕ بەسە'، کە دەوڵەتی تورکی فاشیست بە بێ ئەژمار ئەنجامیداون، بۆ ئازادیی هەموو کەسێک، بۆ رووخاندنی فاشیزم تێبکۆشن و بە هەموو شێوەیەک دەستبەکار بن".


PM:04:49:23/08/2021