ئاڵای ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان داگیرا

ئەمڕۆ وەکو رێزێک بۆ قوربانیانی سەربازانی سوپای ئەمریکا لەتەقینەوەکانی ئەم دواییەی نزیک فڕۆکەخانەی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان ئاڵاکەی بۆ نیوە داگرت.

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لەتویتێکدا وێنەیەکی ئاڵای وڵاتەکەی بەداگیراوی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی" وەک رێزێک بۆ قوربانیانی سەربازانی سوپای ئەمریکا لە کردەوە تیرۆرستییەکانی ئەم دواییەی نزیک فڕۆکەخانەی کابوڵ لە ئەفغانستان، ئاڵای وڵاتەکەیان لە کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر و لە سەرجەم بینا حکومییەکانی دیکەی ئەمریکا بۆ نیوە داگرتووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتێکدا لەپرسەدان بۆ قوربانیانی ئەو کردەوە تیرۆرستییە، هیوای زوو چاکبوونەوە و ئاسودەیی بۆ سەرجەم برینداران دەخوازین. 

ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە ژمارەیەک تەقینەوەی خۆکوژی لە نزیک فڕۆکەخانەی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان ڕوویدا کە بەهۆیەوە ١٢ سەربازی ئەمریکی کوژران و ١٥ی دیکەش برینداربوون.


PM:01:50:28/08/2021