نێچیرڤان بارزانی: عیراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن هاوبەشێکی باشی فەڕەنسا بن

سەرۆکی هەرەێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" عیراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن هاوبەشێکی باشی فەڕەنسا بن، کۆمپانیا فەڕەنسییەکان دەتوانن بەشداریی بەهێز بکەن لە پەرەپێدان و پێشخستنی کار و پرۆژەکاندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق". 

دوای کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و سەرۆکی فەڕەنسا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا و سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەکرد"  بەناوی گەلی کوردستانەوە بەخێرهاتنی ئیمانیۆل ماکرۆن دەکەن و سەردانەکەی رەنگدانەوەی پەیوەندییە مێژوییەکانی نێوان گەلی کورد و فەڕەنسایە، هەروەها لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ژمارەیە پرسیان تاوتوێ کردووە لەوانەش پرسی ئاشتی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا". 

باسی لەوەشکرد، سوپاسی دەستپێشخەرییەکەی ساڵی ٢٠١٧ی سەرۆکی فڕەنسا دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی  ئیمانیۆل ماکرۆن دەکەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی" عیراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن هاوبەشێکی باشی فەڕەنسا بن، کۆمپانیا فەڕەنسییەکان دەتوانن بەشداریی بەهێز بکەن لە پەرەپێدان و پێشخستنی کار و پرۆژەکاندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق. دەتوانن وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بکەن، لەمبارەشەوە هەموو پشتگیری و ئاسانکارییەک لە هەرێمی کوردستاندا دابین دەکرێت".

لای خۆیەوە ئیمانیۆڵ ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند" لەکۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دڵنیاییمدا لە بەردەوامی پشتیوانی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان و پاریس لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات".

جەختیشی کردەوە، دەمانەوێت کەشێک دروست بکەین کە ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستانیش، سەرۆکی فەڕەنسا دوپاتیکردەوە، کە هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان دەمێننەوە.

دوای سەردانەکەی بۆ عێراق و بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی لوتکەی بەغداد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا گەیشتە شاری هەولێر و لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگرانی سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، کونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر، پارێزگاری هەولێر و بەشێک لە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم پێشوازی لێکرا.

هاوکات هەر ئەمڕۆ سەرۆکی فەڕەنسا بە سەردانێک گەیشتە موسڵ و چەند شوێنێکی بەسەرکردەوە، دواتر گەڕایەوە هەرێمی کوردستان، دوای گەڕانەوەی لە موسڵ ئێوارەی ئەمڕۆ ماکرۆن لە سەرۆکایەتی هەرێم لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە پێشوازی لێکرا.

هەروەها لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم سەرۆكی فەڕەنسا گەیشتە لای مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە ئێستادا لە كۆبوونەوەدان. 


PM:08:00:29/08/2021