لەبارەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانی هەرێم زانیاری نوێ دەخرێتەڕوو

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت" هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران دەکرێتەوە و ئەگەر حکومەت داهاتی باش بێت پاشەکەوتی موچە دەخرێتە سەر هەژمارەکەیان". 

فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دا ڕایگەیاند"وەک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری دارایی هەرێم باسی لێکرد، هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران دەکەنەوە و دەکرێت ئەو موچە پاشەکەوتکراوانەی لای حکومەتن وەک قەرزێکە دەچێتە سەر هەژماری فەرمانبەران". 

باسی لەوەشکرد، هەرێمی کوردستان بیر لەوەدەکاتەوە بەرزکردنەوەی پلەی مووچەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە. 

لەبارەی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێم فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەکرد، ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا هەتا کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت، لەکاتێکدا دەبوو بەغدا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٨٠٠ ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکردایە. 

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕاشیگەیاند" داهاتی هەرێم ئێستا لە دۆخێکی باشدایە دەتوانێت بەردەوام بێت بێ لێبڕین موچە دابەش بکات، هەروەها ئەگەر ٢٠٠ ملیارەکە لە بەغداوە نەیەت هەرێم هەر دەتوانێت بێ لێبڕین موچە دابەش بکات". 


AM:12:13:05/09/2021