پارتی بە فەرمی ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی دیارییکرد

پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی دیارییکرد و دەزگای هەڵبژاردنی پارتیش رایدەگەیەنێت" رۆژی ١١ی ئەیلولی ٢٠٢١ دەست بە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەکەین". 
 
هاوار محەممەد، بەرپرسی هۆبەی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند" رۆژی ١١ی ئەیلول پارتی بە فەرمی لە باشووری کوردستان دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات".

ئاشکراشیکرد، دەستپێکی هەڵمەتەکەش لە شاری هەولێر دەبێت بە رێکخستنی کەرنەڤاڵێکی جەماوەری و لە لقەکانیش بە هەمانشێوە دەستپێدەکرێت.
 
هاوار محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد" دوو نووسینگەی بانگەشەی هەڵبژاردنمان لە کەرکووک کردووەتەوە، بڕیارە لە نەینەوا نووسینگە بکەینەوە و زیاتریش دەکرێن". 

هاوکات بڕیارە رۆژی ٧ی ئەم مانگەش نەوەی نوێ لە شاری سلێمانی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکات، هەروەها لیستی هاوپەیمانی کوردستانیش کە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پێکهاتووە، پلانیان هەیە لە شاری کەرکوک کەرنەڤاڵێکی گەورە سازبکەن بۆ ناساندنی هاوپەیمانێتیەکە و کاندیدەکانیان.

بڕیارە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و لە ئێستاشدا بانگەشە دەستیپێكردووە. 


AM:12:29:05/09/2021