پارتی لە دوو ڕۆژی ئایندە بانگەشەی ناوەندی هەڵبژاردن دەستپێدەكات

به‌رپرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ پارێزگاى سلێمانى-هه‌ڵەبجه‌ ڕایدەگەیەنێت" له‌ چوارچێوه‌ى ڕێنمایى و ڕێکاره‌ یاسایییه‌کانى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا وه‌ک ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى له‌ سلێمانى ته‌واوى ئاماده‌کارییه‌کانمان بۆ چوونه‌ نێو هه‌ڵبژاردنه‌کەوە‌ ته‌واو کردووه". 

ڕزگار ئه‌ژى گۆران، به‌رپرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ پارێزگاى سلێمانى-هه‌ڵەبجه‌، به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمی پارتى ڕاگه‌یاند" وه‌ک ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تیى سلێمانى-هه‌ڵەبجەی پارتى دیموکراتى کوردستان، له‌ چوارچێوه‌ى بڕیار و ڕێنمایییه‌کانى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى گشتیی پارتیماندا ئاماده‌کاریى ته‌واو و پێویستمان له ‌بازنه‌کانى هه‌ڵبژاردنی ‌سنووره‌که‌ کردووه‌ کە‌ پێنج بازنه‌ى هه‌ڵبژاردنه و‌، بۆ هه‌ریه‌ک له‌ بازنه‌کان له‌ ڕووى دیموگرافى و جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ به‌پێى تایبه‌تمه‌ندیى هه‌ر بازنه‌یه‌ک میتۆدێکى تایبه‌تمان گرتووەته‌ به‌ر. به ‌شێویه‌کى گشتى ئاماده‌کارییه‌کانى ئێمه‌ له ‌دوو لایه‌نەوە ‌بووه‌؛ لایه‌نى یاسایى و لایه‌نى ته‌کنیکى. وەک لایه‌نى یاسایی،‌ په‌یوه‌ندییه‌کى ڕاسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ ئۆفیسى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق هه‌یه‌ بۆ ئاگادار بوون له‌ هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک و ته‌واوکردنى ڕێکاره‌ یاسایى و ئیدارییه‌کان بۆ هه‌ر کاندیدێک، له ‌ڕووه‌ ته‌کنکییکه‌شه‌وه‌ بێگومان له‌ ڕێگه‌ى بریکاره‌کانمانه‌وه ئاماده‌کارییه‌کى ته‌واومان هه‌یه‌ له‌ هه‌موو بنکه‌ و وێستگه‌کانى ده‌نگدان، تاوه‌کوو بتوانین ئامادە بین". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ده‌ستپێکردنى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگاى سلێمانى چاوه‌ڕێى بڕیارى لیژنه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنین، له‌ یه‌ک دوو ڕۆژى داهاتوودا پارتى دیموکراتى کوردستان بانگه‌شه‌ى  ئینتیخابیى مه‌رکه‌زى ده‌ست پێ ده‌کات و ڕاده‌گه‌یه‌نرێت. 

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ قه‌زای رانیه‌ و هاوپه‌یمانی كوردستان (یه‌كێتی و گۆڕان) له‌ شاری كه‌ركوك، هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیان بۆ پەرلەمانی عێراق ده‌ستپێكرد و كاندیده‌كانیان به‌ جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ران ناساند.

بڕیارە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەگوێرەی یاسایی ژمارە (٩) ساڵی ٢٠٢٠ هەر (١٨) پارێزگاکەی عێراق دابەشکراوە بەسەر (٨٣) بازنەی هەڵبژاردن، هەر پارێزگایەکیش بەپێی ژمارەی دانیشتوان دابەشکراوە بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن، لە هەر بازنەیەکیشدا یەک کورسی کۆتا بۆ ژنان جێگیرکراوە، کۆی ژمارەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ هەزارو ٣٧٥ کەسە، هاوکات ژمارەی دەنگدەرانی نوێ ٩٨٨ هەزار و ٤٣٥ کەسە، ژمارەی دەنگەدەرانی تایبەت یەک ملیۆن و ٧٥ هەزارو ٧٢٧ کەسە، ژمارەی دەنگدەرانی ئاوارەکان ١٢٠ هەزارو ١٢٦ کەسە.

ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان لەسەرتاسەری عێراق هەشت هەزارو ٢٧٣ هەزارە، ژمارەی وێستگەکانی دەنگدان ٥٥ هەزارو ٤١، بەشداربوانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەمساڵ بەم شێوەیە:

_ ژمارەی هاوپەیمانێتییەکان (٢١).

_ ژمارەی حیزبە بەشدارەکان (١٠٩) حزب.

_ ئەو حیزبانەی لەناو هاوپەیمانێتیدان (٥٨). 

_ کۆی ژمارەی کاندیدەکان سێ هەزارو ٢٤٩ کەسن.

* کاندیدانی پیاو دوو هەزارو ٢٩٨.

* کاندیدانی ژن (٩٥١).

_ ژمارەی کاندیدانی هاوپەیمانێتییەکان (٩٥٩).

_ ژمارەی کاندیدانی حزبەکان هەزارو ٥١.

_ ژمارەی کاندیدانی تاکە کەس (٧٨٩). 

ژمارەی بازنەکان و ئەو کورسیانەی کە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەریاندەکەوێت بەم شێوەیەیە: 

_ بازنەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی (١٨) کورسی و (٥) بازنە. 

بازنەی یەکەم:

باکووری سلێمانی، لەگەڵ قەزای شارباژێڕ و ناحیەکانی و قەزای چوارتا و دەگرێتەوە، (٤) کورسی هەیە، (١٣) کاندید رکابەری لەسەر دەکەن.

بازنەی ژمارە دوو:

باشووری قەزای ناوەندی سلێمانی و قەزای قەرەداغ و ناحیەکانی و قەزای بازیان و ناحیەکانی و عەرەبتیش دەگرێتەوە، سێ کورسی هەیە و (١٦) کانیدی رکابەری لەسەر دەکەن.

بازنەی ژمارە سێ:

هەڵبجەی شەهید و ناحیەکانی و قەزای سەیدسادق و ناحیەکانی و قەزای پێنجوێن و ناحیەکانی دەگرێتەوە، ژمارەی کورسیەکانی سێ کورسییە، هەشت کاندید رکابەری لەسەر دەکەن.

بازنەی ژمارە چوار:

قەزای پشدەرو ناحیەکانی و، قەزای رانیە و ناحیەکانی و، قەزای دوکان و ناحیەکانی دەگرێتەوە، ژمارەی کورسیەکانی چوار کورسییە، ١١ کانیدی رکابەری لەسەر دەکەن.

بازنەی ژمارە پێنج: 

قەزای کەلار و ناحیەکانی و، قەزای کفری و ناحیەکانی و، قەزای دەربەندیخان و ناحیەکانی و، قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەگرێتەوەو ژمارەی کورسیەکانی چوار کورسییە، (١٥) کاندید رکابەری لەسەر دەکەن.

_ بازنەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر، (١٥) کورسی چوار بازنە. 

بازنەی یەکەم: چوار کورسی، کە کورسییەکی کۆتای ژنانە: سۆران، مێرگەسور، رواندز، چۆمان، شەقڵاوە

بازنەی دووەم: چوار کورسی، کە کورسییەکی کۆتای ژنانە: دەشتی هەولێر، کۆیە، خەبات

بازنەی سێیەم: سێ کورسی، کە کورسییەکی کۆتای ژنانە: بەشی رۆژئاوای قەزای ناوەندی هەولێر

بازنەی چوارەم: چوار کورسی، کە کورسییەکی کۆتای ژنانە: بەشی رۆژهەڵاتی قەزای ناوەندی هەولێر 

_ بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای دهۆک، (١١) کورسی و سێ بازنە. 

بازنەی یەکەم:

قەزای دهۆک و ئامێدی یەک بازنەی هەڵبژاردنن و چوار نوێنەریان دەچێتە پەرلەمانی عێراق. 

بازنەی دووەم:

قەزاکانی زاخۆ و سێمێل یەک بازنەی هەڵبژاردنن و سێ نوێنەریان دەچێتە پەرلەمانی عێراق. 

بازنەی سێیەم:

قەزاکانی ئاکرێ، شێخان و بەردەڕەش یەک بازنەی هەڵبژاردنن و چوار نوێنەریان دەچێتە پەرلەمانی عێراق. 

بازنەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکوک، (١٢) کورسی سێ بازنە. 

بازنەی یەکەم: پێنج کورسی، بەشی خۆرهه‌ڵاتی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك و باكووری ناوشار دەگرێتەوە، وه‌ك ره‌حیماوه‌، عه‌ره‌فه‌، شۆریجه‌، موسه‌ڵا، ئیسكان، بەشێكی قۆرییە، قادسیەی یەك‌، حوریه‌، پردێ، دوبز، له‌یلانی تێدایه‌.

بازنەی دووەم: چوار کورسی، ناوه‌ڕاستی قه‌زای ناوه‌ندی، وه‌ك تسعین یەك و دوو، داقوق، قۆریه - ئەڵماس‌، رێگای بەغدا، واستی، قادسیه‌ی دوو، تازه‌-رشاد یەک، چه‌ند ناوه‌ندێكی موسه‌ڵا، حه‌ی عه‌سكه‌ری، خاسه‌، سەورە، ریاز سێ و یایچی تێدایە.

بازنەی سێیەم: سێ کورسی، باشوور و باشووری خۆرئاوای پارێزگای كەركوك دەگرێتەوە و پێكهاتووە لە ناوەندی حەویجە، تەواوی هەردوو ناحیەی عەباسی و زاب، لەگەڵ زۆرینەی ناحیەی رەشاد و تازە.


PM:09:06:09/09/2021